کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق ئاگر دەدرێن

16:25 - 29 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندەرانی ناڕازی لە عێراق لە شار نەجەف بنکەی "کەتائیبی حیزبوڵڵا"یان سووتاند و دەروازەی سەرەکی فڕۆکەخانەی شارەکەشیان داخست.

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی عێراق دژی دەسەڵات درێژەی هەیە و لە شاری نەجەف خۆپیشاندەران، بارەگای میلیشیای کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقیان بە تەواوی سووتاند.

هاوکات سەدان خۆپیشاندەری دیکەی شاری نەجەف، دەروازەی سەرەکی فڕۆکەخانەی شاریان داخستووە.

بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەرانیش، دەرگای ژماریەکی زۆری ئیدارە حکومییەکانیان داخست، هەتا پێش بە کاری ئیداریی بگیردرێت.

خۆپیشاندەرانی عێراقی دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستا چەندین بنکەی گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان لە عێرقدا ئاگر تێبەر داوە.

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران لە شاری نەجەف لە لایەن خەڵکی ناڕزاییەوە ئاگری تێبەردرا.

خۆپیشاندەرانی عێراقی کە زیاتر شیعەن، دەوڵەتی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تاوانبار دەکەن.

خۆپیشاندەرانی عێراقی بەرانبەر بە دزەکردنی ئێران لەو وڵاتە، بێکاری، بارودۆخی نالەباری ئابووری، گەندەڵیی بەرپرسان و نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتی، ناڕەزایەتی دەردەبڕن.