کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەکانی دەنگدان لە کوردستان لەلایەن خەڵکەوە تەحریم کراوە

12:44 - 2 رەشەمه 2719

ڕاپۆرتەکانی گەیشتوو باس لەوە دەکەن لە شارەکانی مەهاباد، نەغەدە، روانسەر، پاوە، پیرانشار، ورمێ، داڵاهۆ، بۆکان، جوانڕۆ، سەلاسی باوەجانی و باقی شارەکانی دیکەی کوردستان خەڵک دەنگ نادەن و بنکەکانی دەنگدان کەسی لێ نییە.

لە شارەکانی کوردستان جاش و بەکرێگیراوان بە هەموو تواناوە هەوڵ دەدەن خەڵک بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان.

لە "حەسەن ئاوا"ی سنە باس لەوە دەکرێت کەمتر لە ٢٠ کەس دەنگی داوە.

ڕێژیمی ئێران لە شارەکانی وەک نەغەدە، ورمێ و سەڵماس کەڵکاژۆ لە هەستی ئایینی و نەتەوەیی وەردەگرێت هەتا خەڵک دەنگ بدات.

بەشێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان هەڕەشەیان لێکراوە ئەگەر دەنگ نەدەن، یارانەیان لێ دەبڕن.

لە گوندی "کانی‌سێو"ی پیرانشار تەنیا یەک دەنگ هەبووە ئەویش شۆرا ئەو دەنگەی داوە.

لە کرماشان بنکەکانی دەنگدان کەسی لێ نییە. لە شارەکی "تاجویزی" سەلاسی باوەجانی بنکەکان کەسی لێ نییە.

جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو کە ڕێژیم سندووقی لە زۆربەی شوێنەکان دادەنا ئەمڕۆ وا نییە و تەنیا لە هەر گەڕەکێک چەند شوێنی دیاری کردووە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی دەنگ دەدەن ڕوو بکەنە ئەو شوێنانە و بەو شێوازە ئەو جێگایانە قەرەباڵغ نیشان بدەن.

 لە داڵاهۆ بایکۆت دەنگی خەڵکە و بنکەکانی دەنگدان کەسی لێ نییە.

لە سنە بنکەکانی دەنگدان وەک چەندین شاری دیکە کەسی لێ نێیە و خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کردووە.

بەپێی سەرچاوەیەک لە پارێزگاریی سنە، لە هەموو شارەکانی پارێزگای سنەوە ڕاپۆرت بە پارێزگاری دراوەتەوە کە ڕێژەی بەشداریی خەڵک زۆر زۆر کەمە و نزیک لە سیفره.

لە سەقز تەنیا جاش و بەکرێگیراوان چوونەتە بنکەکانی دەنگدان و کەس دەنگی نەداوە.

لە سایین قەڵا لە یەکێک لە بنکەکان تەنیا دوو دەنگ دراوە.

لە جوانڕۆ بایکۆت هەتا ئاستێکە کە خەڵک ئەو بایکۆتە بە کۆتایی ڕێژیمی ئێران وەسف دەکەن.

 لە بۆکان بایکۆت دەنگی یەکەمە و خەڵک دەنگ نادات.

زۆربەی بنکەکانی دەنگدان لە شنۆ بە تایبەت گوندەکان چۆڵن.