کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەی فەرهەنگی ـ هونەریی مەهاباد بەنیسبەت شێواندنی گڵکۆی هونەرمەند ''محەممەد ماملێ'' ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

11:27 - 21 بەفرانبار 2720

دوای ئەوەیکە کەسانی نەناسراو لە هەوڵێکی قیزەوندا گڵکۆی ''محەممەد ماملێ'' هونەرمەندی ناوداری کوردیان بە ڕەنگ شێواندبوو، بنکەی فەرهەنگی ـ هونەریی موکریانی مەهاباد لە ڕاگەیەندراوێک ئەو هەوڵەی قیزەونەی مەحکووم کرد.

لە ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ''نەیاران و دوژمنانی نەتەوەکەمان دەستیان کردووە بە شێواندنی هێمای موسیقای ڕۆژهەڵات و گڵکۆی گەورە هونەرمەندی کوردیان شێواندووە. دیارە ئامانجی ئەو کارە نەیاری کردنە. پاش ماوەیەکی دوور و درێژ لە تێپەڕاندنی دۆخی شکاندن و خەراپکردنی گڵکۆی مامۆستایان ''هێمن و هەژار'' کە ئەو کاتیش تەواو بە مەبەستی شەڕناخێوی ڕۆحی نەتەوەیی ئێمە دەکرا، دیسانیش تووشی وەها دیاردەیەکی قێزەوەن هاتووینەوە''.

بنکەی فەرهەنگی ـ هونەریی موکرایانی مەهاباد لەو ڕاگەیەندراوە نووسیویەتی: ''نەیاران و دژپەرەستانی ڕۆحی نەتەوەیی ئێمە بۆ لەنێوبردن و کەمڕەنگکردنی هێما نەتەوەییەکان و تووڕەکردنی گشتیی جەماوەری کوردستان و بەلاڕێدابردنی حەولەکانمان دەست لە هیچ شتێک ناپارێزن و دەستی ڕەش و چڵکنی ئەوان ئەو جارە دەربایسی گڵکۆی مامۆستا ''ماملێ'' هاتووە''.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیاندراوە هاتووە: ''کاتێک دژپەرەستان دەست بۆ وەها دیاردەیەک دەبەن، خەڵک دەبێ بە هەڵوێست و ئاگایانە بەرامبەری وەها کردەوەگەلێک یەکڕیز ببن، تا جارێکی دیکە تووشی ئەو جۆرە لە هەتکی حورمەتی گڵکۆی نەمران نەبینەوە''.

هەروەها بنکەی فەرهەنگی ـ هونەریی موکریانی مەهاباد لە داوایان لە ناوندە پێوەندیدارەکان لە مەهاباد کردووە لەو بابەتە بکۆڵنەوە و بکەرەکانی ئەو کردەوە قێزەوەنە ڕادەستی دادگا بکەن و هەروەها بۆ پێشگرتن لە جۆرە کردەوەیانە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر و پێش لە دووپاتبوونەوەی بگرن.

لە کۆتاییدا بنکەی فەرهەنگی هونەری مەهاباد داوای لە هەموو خەڵکی بە شەرەفی کوردستان کردووە کە بەنیسبەت ئەو جۆرە کردەوانە بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان هەبێ.

هەر لەو پێوەندیەدا دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شێواندنی گلکۆی ''ماملێ''، خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەنیسبەت ئەو کارە قیزەونە تووڕە بوون و ناڕەزایەتی خۆیان پیشاندا.