کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەی هێزەکانی ئامریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا مووشەکباران کرا

13:36 - 16 پووشپەڕ 2720

پاش تێپەڕینی دوو ڕۆژ هێرشی کاتیۆشایی بۆ سەر باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئەمجارە هێرش کرایە سەر بنکەی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا.

بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی پووشپەڕ، هێرشێکی کاتیۆشایی کراوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هێزە نیزامییەکانی ئامریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەو بارەوە، ڕاکێتی هاویشتراو لە نزیکیی هۆڵی گەورەی ڕێوڕەسمەکان لەنێو فڕۆکەخانەی بەغدای داوە، بەڵام هیچ زیانێکی بەدواوە نەبووە.

دەستبەجێ پاش ئەو هێرشە، هێلیکۆپتێرەکانی ئامریکا بە ئامانجی دۆزینەوەی سەکۆکانی دیکەی هاویشتنی ڕاکێت دەستیان بە سووڕانەوە کردووە.

هێزەکانی تەناهیی عێراقیش لێکۆڵینەوەکانی خۆیان لەو بارەوە دەست پێکردووە و فەرماندەیی عەمەلیات و وەزارەتی نێوخۆی عێراق لەو پەیوەندییەدا بەیانییەیەک بڵاو دەکاتەوە و وردەکاریی ئەو هێرشە شرۆڤە دەکات.

سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەو هێرشە ڕاکێتییە بە ئامانجی پێکانی بنکەی هێزەکانی ئامریکا لە فڕۆکەخانەی بەغدا ئەنجام دراوە.

لە ماوەی ئەم حەوتوویەدا ئەوە دووەمین جارە کە هێزە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران هێرشی کاتیۆشای دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا.