کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەیەکی ئاژەڵداری لە گوندی جەهادئابادی مەهاباد، بووەتە ناوەندی بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان

18:07 - 15 پووشپەڕ 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە گوندی ''جەهادئابادی'' مەهاباد، کە گوندێکی تایبەت بە کاروباری ئاژەڵدارییە و خەڵک بەگشتی خەریکی ئاژەڵدارین، یەکێک لەو بنکانە بە ئاشکرایی بووەتە جێگای بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان.

خەڵک باسیان لەوە کردووە کە تا ئێستا چەندین جار بە ناوەندەکانی ڕێژیم لە مەهابادیان ڕاگەیاندووە کە کەسێک بە ناوی ''ش.م''  کوڕی ''حەسەن'' خەڵکی گۆێکتەپە، ئەو شوێنەی کردووەتە بنکەی گەندەڵی و بە  تایبەتی گەندەڵیی ئەخلاقی، بەڵام بەهۆی تێکەڵاوی لەگەڵ کاربەدەستانی ڕێژیم و پشتیوانیی یەکێک لە نزیکەکانی کە سەر بە ئیتلاعاتی ڕێژیمە، هەروا لە کارەکەی خۆی بەردەوامە.

 سەرچاوەیەک لەنێو هێزەکانی ئینتیزامی، خەڵکی میاندواو، ئاشکرای کردووە کە فەرماندەی پاسگای ''بردە ڕەشان'' بۆ خۆی مادەی هۆشبەری بۆ دەبات تا وەکوو لە ناوچەی شاروێراندا بڵاوی بکاتەوە.

هەروەها خەڵکی ناوچەی شاروێران ڕایانگەیاندووە، ''ش.م'' بە ئاشکرایی خەریکی دزیکردن لە خەڵکە، هەر چەند سکاڵاشی بۆ تۆمار دەکرێت، بەڵام ناوەندەکانی ڕێژیم هیچ کارێکیان پێ نییە.