کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی هێرشی مووشەکیی کرایە سەر

13:47 - 4 گەلاوێژ 2720

بنکەیەکی نیشتەجێبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بە فەرماندەریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە باشووری بەغدا کرایە ئامانجی هێرشی کاتیۆشایی.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتشی عێراق، لە هەوڵێکی هێرشبەرانەدا، ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ، ٤ ڕاکێتی کاتیۆشا لە بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی لە باشووری بەغدا کەوتووەتە خوارەوە و لە شوێنی نیشتەجێبوونی شەڕکەرەکانی "ئیسپانیا"ی داوە کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانیدا بە فەرماندەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ شەڕ لەگەڵ "داعش" جێگیر بوونە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە کە ٤ ڕاکێتی کاتیۆشا لە بنکەی "بسمایە"ی داوە کە شەڕکەرەکانی ئیسپانیا لەوێ جێگیر بوونە.

ئەو هێرشە جگە لە هەندێک زیانی ئاسایی زیانێکی ئەوتۆی بەدواوە نەبووە.

هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی "داعش" لە هەوڵدایە کە ڕێژەی هێزەکانی خۆی لە عێراقدا کەم بکاتەوە.

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا هێرشگەلێک بە ڕاکێتی کاتیۆشا و خومپارەوە بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و باڵوێزخانەی ئامریکای لە بەغدا کردووەتە ئامانج.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەردەوام سەرچاوەی ئەو هێرشانەی گەڕاندووەتەوە بۆ گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بەڵام هەنووکەش هیچ لایەنێک ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.