کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنیامین نێتانیاهوو لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل سەرکەوتنی بەدەست هێنا

13:38 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی ئەو وڵاته، بۆ پێنجەمین جار وەکوو سەرۆکوزیران مایەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی خاکەلێوە، بنیامین نێتانیاهوو، ڕێبەری حیزبی لیکود، به سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی وڵاتی ئیسرائیل، پێنجەمین خولی سەرۆکوەزیرانیی خۆی دەست پێ دەکات.

پاش ژماردنی ٩٧ لەسەدی دەنگەکان، حیزبی لیکود بە ڕێبەری نێتانیاهوو لە ڕەکابەری لەگەڵ هاوپەیمانی ''شین-سپی'' بە ڕێبەری بینی گانتز و یائێر لاپید، توانیان هەر یەک ٣٥ کورسی پارلەمان بە دەست بێنن.

نێتانیاهوو بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی لەگەڵ حیزبە ڕاستڕەوەکان و گرووپە مەزهەبییەکان لە هەڵبژاردنەکانی وڵاتی ئیسرائیل، توانی ٦٥ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسی پارلەمانی ئەو وڵاتە  بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، بریارە ''ڕێئون ڕیولین''، سەرکۆماری ئەو وڵاتە چوارشەممەی داهاتوو، ٢٨ی خاکەلێوە، ئەرکی پێکهێنانی کابینە بە نێتانیاهوو ڕابسپێرێت.   

 سیستەمی حوکمڕانیی ئیسرائیل پارلەمانییە و  پارلەمانی ئەو وڵاتە، کە بە کنێست ناسراوە، لە١٢٠ ئەندام پێک دێت، ئەرکی داڕشتنی یاساکان  و چاوەدێریکردن بەسەر حکوومەتە.