کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەما و سیاسەتی ئابووری حیزبی دێموکرات

13:07 - 24 گەلاوێژ 2720

خالید دەرویژە

ئەگەرچی جەوھەری سەرەکی و ڕەساڵەتی مێژوویی حیزبی دێموکرات خەباتی نەتەوەیی بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و خەڵکی کوردستان بووە و لاپەڕەکانی مێژووی ٧٥ساڵەی خەباتی ئەم حیزبە لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی سیاسییدا بە قارەمانەتی و لەخۆبوردوویی ڕۆڵە ئازا و جوامێرەکانی کورد نەخشێنراوە و تا ھەنووکەش گەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ گەیاندنی پاپۆڕی ھیوا و خۆزگەکانی ئەم گەلە بەشمەینەتە بە کەنارەکانی ئارامی کاکڵەی سەرەکی تێئۆری و بیرکردنەوە و وێژمان و ھەنگاوەکانی بووە، ھاوکات لە پڕژانە نێو لایەنەکانیتری بیاڤە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و یەک لەوان و گرینگترینیان واتە بیاڤی ئابووری غافڵ نەبووە.

لە ڕووی زانستییەوە بوونی پێوەندی سیاسەت و ئابووری وەک دووانەی لێکدانەبڕاو کە کاریگەری ڕاستەوخۆ و یەکترتەواوکەریان لە سەر یەکتری ھەیە و ھێز لە یەکتری وەردەگرن لەلایەک و بوونی ستەمی ئابووری وێرای ستەمی نەتەوەیی کە بەرھەمی سیاسەتی ڕێژیمە دژەگەلییەکانی شا و شێخ بۆ پەراوێزخستنی کوردستان بووە لەلایەکیترەوە، پێویستی  شەنوکەو و شیتاڵکردن و بەرنامەداڕێژەری ئابووریی کوردستانی بۆ حیزبی دێموکرات پارێزھەڵنەگر کردووە.

ئەگەر لە ماوەی ٧٥ساڵ بە ھەموو ھەوراز و نشێو و دژوارییەکانی، حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە گۆڕەپانی خەباتی نەتەوەییدا بە ڕووسووری بەڕەی خۆی لە ئاو دەرکێشاوە، بوونی دوورەدیمەن و بەرنامەی مودێرن، زانستییانە و خەڵکپەسندە ئابوورییەکەی کە لە فەسڵی ٤ی بەرنامەوپێڕەو ئاماژەی پێکراوە، حەقانییەتی تێفکرین و بیرکردنەوەکانی حیزبی دێموکراتی لەم بیاڤەشدا بە تابلۆ کێشاوە.

-سەرەتا و ڕاست بەپێچەوانەی بەگشتی دەقە ئیدئۆلوژیک، پۆپۆلیستی، چەواشەکارانە و خەڵک ھەڵخەلەتێنییەکان کە بەڕواڵەت دەست و دڵئاوەڵایی حکومەت لە خەرجییەکانی پیشان دەدەن، بەر لەوەی بپڕژێتە نێو خەرجییەکان، وەک ھەر دەقێکی زانستی و درووستی ئابووری سەرچاوەکانی داھاتی حکومەتی ھەرێم دەستنیشان دەکات.

-بۆ قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی ئابووریی کوردستان کە دەرھاویشتەی ستەمی نەتەوەییە، ڕێژەی زیاتر لە نێونجی داھاتی سەرانەی ناوچە پێشکەوتووەکانیتر لە بودجەی گشتی وڵات بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی کوردستان داوا دەکات .

-ھەڵگری ٢ تایبەتمەندی بەرچاو و پێویستی ھەر دەقێکی یاسایی واتە کورتبێژی و پتەوییە، بەشێوەیەک کە لە درێژدادڕی خۆی دەبوێرێت و لە ڕێگەی بەرنامەداڕشتنێکی زانستییەوە بەپێی هەلومەرجی تایبەت بۆ دابینکردنی ژیانی شیاوی سەردەمیانەی دانیشتووانی ھەرێم لە ھەوڵی گەشەدان و بوژاندنەوەی ئابووریی ھەرێم و گەشەی ئازادانەی کەسایەتی تاک و کۆمەڵگا ھەنگاو دەنێت.

-ھەوڵی بچووککردنەوەی ڕۆڵی دەوڵەت لە ئابووریدا دەدات و لە پەنای بەشی گشتی کە ھەڵقووڵاو و سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی گشتی کۆمەڵگایە و لە ڕێگەی بونیاد و دامەزراوە حقوقی و حەقیقییەکانیش پەیڕەو دەکرێت، کەرتی تایبەت و وەبەرھێنانی دەرەکی بە پێشمەرج و پێویست بۆ بووژانەوە و گەشەی ئابووری و پیشەیی کردنی کوردستان دەزانێت و لە ھیچ چەشنە ئاسانکارییەک بۆ ڕێگەپێدان و سەرخستنی ئەم ٢ کەرتە کۆتایی ناکات.

-بردنەسەری ئاستی ژیانی خەڵک بەتایبەت زەحمەتکێشانی کوردستان نێوەڕۆکی سەرەکی سیاسەتی ئابووریی حکومەتی ھەرێم  پێک دێنێت.

-کەرتی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بە سەرچاوەی گرینگ و سەرەکی داھاتی حکومەت و خەڵک دەزانێت و لە ھەوڵی میکانیزەکردنیدا دەبێت، ھاوکات گرینگییەکی یەکجار زۆر بە کەرتی گەشتیاری دەدات و ئەولەوییەتدان بەم کەرتە و پێشخستنی بە سیاسەتی حکومەت دەزانێت.

-ڕێگە نادات ماوەی فەرمی کار لە حەوتوویەکدا لە ٤٠ کاتژمێر زیاتر بێت و لە کارپێکردنی کەسانی خوار تەمەن ١٦ ساڵ ڕێگر دەبێت و بیمەکردنی کرێکاران لە بەرانبەر پێشھاتەکانی کار، نەخۆشی، پەککەوتوویی، بێکاری و پیری بە پێویستییەکی بنەڕەتی دەزانێت.

-لەگەڵ ئەوەی بەدوور دەزانرێت لە وەھا سیستم و بیرکردنەوەیەکی سیاسی و پێکھاتەی ئابووریدا کە سەرچاوەگرتووە لە ویست و داخوازی و پێویستییەکانی کۆمەڵگا و ڕەوتی خەباتی حیزب لە سەر ڕاستەڕێگەی ڕەیلی ڕزگاری، ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەری  کۆمەڵایەتی دیاری دەکات، وڵامی داخوازییەکانی خەڵک نەدرێتەوە بەڵام بەو حاڵەش و لەژێر ڕۆشنایی چەمکی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ وەک بنەمای فکری سیاسەتی حیزبی دێموکرات مافی ئازادی، ناڕەزایەتی، پێکھێنانی سەندیکا، ڕێکخراو و تەشەکول بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە پارێزراو دەزانێت.

پیرۆز بێت یادی یوبیلی ئەڵماسی حیزبی خۆشەویستی ھەموو چین و توێژەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان .