کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی دوو زیندانیی کوردی مەحکووم بە ئیعدام نامەیەکی سەر ئاوەڵەیان بڵاو کردەوە

15:22 - 11 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: بنەماڵەی عەلی و حەبیبوڵڵا ئەفشاری دوو زیندانیی سیاسی مەحکووم بە ئیعدام لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا داوایان لە سەرجەم ناوەندەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە بە هانای ئەو زیندانییە سیاسیانەوە بچن.
عەلی ئەفشاری هاوڕی لەگەڵ براکەی حەبیبوڵڵا ئەفشاری لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بە تۆمەتی محاربە و ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردیی دژبەری رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ئیعدام مەحکوم کراون و لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٠ بۆ زیندانی گشتیی ورمێ‌ راگوێزراون.
نوسخەیەک لەو نامەیەی بنەماڵەی عەلی و حەبیبوڵڵا ئەفشاری ماڵپەڕی کوردپا بڵاوی کردۆتەوە.
دەقی نامەکە بەم چەشنەیه:
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی، هێزە ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکان خەڵکی بە شەرەفی ئێران!
هەروەک ئاگادارن دوو ئەندامی بنەماڵەی ئێمە بەبێ هێچ هۆکار و تاوانێک لەلایەن دادگای شۆڕشەوە لە دادگایەکی چەند خولەکێکدا بە تاوانی دژایەتیی خودا و ئەندامەتی لە حیزبێکدا کە ساڵانێکە شەڕی چەکداریی وەلا ناوە، بە سێدارە مەحکووم کراون.
بەپێی دوایین زانیاری دۆخی جەستەیی عەلی زۆر خراپە و هێندێک لە ئەندامانی لەشی لە جوڵە کەوتووە و وێڕای پیداگریی براکەی دیکەی بۆ راگواستن بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریی ئەو زیندانیە، لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە رێگری لێکراوە و وەڵامی خواستەکەیان نەداوەتەوە.
بۆیە ئێمە وەک بنەماڵەی ئەو ٢ زیندانییە سیاسییە کوردە، داوا لە سەرجەم کۆڕ و کۆمەڵە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین داکۆکی لە مافە سەرەتاییەکانی ئەو زیندانیە سیاسییە بکەن و داوا لە بەرپرسانی زیندان بکەن کە بە کردەوە بۆ چار سەریی کوڕەکەیان هەنگاو هەڵبگرن و هەروەها داوا لە بەرپرسانی قەزایی رێژیمی ئیسلامی ئێران دەکەین لە دادگایەکی عادڵانەدا ئەو ٢ ئەندامەی بنەماڵەی ئێمە دادگایی بکرێن، چونکە هەموو بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی بێتاوانیی ئەو ٢ زیندانییە لەبەر دەست دایە.
ئێستا گیانی ئەو ٢ زیندانییە لە مەترسی دایە، بۆیە داوا لە سەرجەم رێکخراوەکانی ماڤی مرۆڤ دەکەین بە هانای ئەو دوو زیندانییە سیاسییەوە بێن و پێش بە کارەسات و تراژیدیایەکی دیکەی مرۆیی بگرن.
لەلایەکی دیکەوە دوو برای دیکەی ئەو زیندانییە سیاسیانە، بە ناوەکانی وەلی ئەفشاری و جەعفەر ئەفشاری هەر کام بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم دراون.
وەلی ئەفشاری لە حاڵێکدا دەستبەسەر کراوە کە لە رێکەوتی ٢٢‎ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٩ بۆ ئاگادار بوون لە بارودۆخی ئەو سێ‌ برا دەستبەسەر کراوەکەی سەردانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارنی رێژیم لە مەهابادی کردبوو.