کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی زیندانییان لە ئێراندا لە دۆخێکی دژواردا بەسەر دەبەن

11:56 - 1 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ٧٠ لەسەدی بنەماڵەی زیندانییان بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکی ئابوورییان نییە.

ئەسغەر جەهانگیر، بەرپرسی ڕێکخراوی زیندانییەکانی ڕێژیم، لە "جەژنی پشتیوانی" ئەنجومەنی پشتیوانیی لە زیندانییانی ناوەند، باسی لە دۆخی نالەباری ژیانی بنەماڵەی زیندانییەکان کردووە و وتوویەتی: "٢٠ لەسەد لە بنەماڵەی زیندانییەکان کێشەگەلی زۆریان هەیە و بنەماڵەکانیان لێک هەڵوەشاونەتەوە".

ناوبراو، باسی لەوەکردبوو، کە  ٧٠ لەسەدی بنەماڵەی زیندانییان لە ئێراندا ماڵی خۆیان نییە و لە ماڵی کرێدا دەژین، هەروەها ٥٦ لەسەدی ئەم بنەماڵانە هیچ سەرچاوەیەکی ئابووری و پەیداکردنی بژێوی ژیانیان نییە.

ئەسغەر جەهانگیری، لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: "٣٠ لەسەدی منداڵی زیندانییان تەمەنێکی کەمیان هەیە و پێویستیان بە خۆشەویستی هەیە، ٨٦ لەسەدی هاوژیانی زیندانییان نەخوێندەواران و پێویستیان بە پەروەردە هەیە".

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدایە، ڕۆژانە هێزە داگیرکەر و سەرەڕۆوەکانی ڕێژیم بە بیانووگەلی جیاواز و هەندێک جاریش بە تۆمەتی بێبنەما خەڵکی دەسبەسەر دەکەن و لە زیندانەکاندا دەیانهێڵنەوە.

بەپێی ئامارێکی بڵاوکراوە لە لایەن ڕێکخراوی زیندانەکانی ڕێژیم، لە ئێستا لە ئێراندا ٢٤٠ هەزار زیندانی هەیە، کە پێدەچێت ئەم ئامارە زۆر زیاتریش بێت، چونکە بەشێکی بەرچاوی زیندانییان لە زیندانییانی سیاسی پێک دێن، کە بە شێوەیەکی گشتی نادیارن و لە ئامارەکانی ڕێژیمدا ئاماژەیان پێ ناکرێت.