کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی سەرۆكی كوردستانی سوور سەردانی حیزبی دێموكراتیان كرد

18:03 - 23 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بنەماڵەی سەرۆکی کوردستانی سوور سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد و خۆشحاڵیی خۆیان بە خەباتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵات دەربڕی.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕ، بنەماڵە و كەسوكاری وەكیل مستەفایۆڤ سەرۆكی كۆچكردووی كوردستانی سوور بە سەرپەرەستی خاتوو "دینا موستەفایۆڤ" وێڕای نوێنەرایەتی فیدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكانی ئوورووپا، سەردانی حیزبی دێموكراتیان لە شاری هەولێر كرد.

بنەماڵەی وەکیل مستەفا یۆڤ لە لایەن شاندێکی پەیوەندییە كوردستانییەكانی حیزبی دێموكرات بە سەرپەرەستیی "محەممەد ساڵح قادری" بە گەرمی پێشوازیان ڵێکرا.

لەو دیدارەدا  محەممەد ساڵح قادری بە نوێنەرایەتی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموكرات، بەرێز "مستەفا هیجری" وێڕای بەخێرهێنانی خاتوو "دینا" هاوسەری وەكیل مستەفایۆڤ و وەڤدی یاوەری، لەهەمانكاتدا هاوخەمی و سەرەخۆشی حیزبی دێموكرات و بەرێز مستەفا هیجریان بە بۆنەی کۆستی لەدەستدانی وەكیل مستەفایۆڤیان پێی ڕاگەیاند.

لەو دیدارەدا قادری ئاماژەی بە پەیوەندی مێژووی نێوان حیزبی دێموكرات و جووڵانەوەی كوردستانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ كوردانی دیاسپۆرا بە گشتی و بەتایبەت "كوردستانی سوور"  دایەوە و ئەوانی وەک بەشێكی دانەبراو لە خاک و خەڵكی كوردستان پێناسە كرد.

هاوکات قادری ڕۆل و كاریگەریی خوالێخۆشبوو وەكیل مستەفا یۆڤی وەک تێكۆشەرێكی خاوەن هەڵوێست و خەباتكار بۆ ناساندنی كوردستانی سوور و مافی كوردەكانی ئەوێ بە گرینگ زانی.

بنەماڵەی سەرۆکی کوردستانی سوور وێڕای سپاس لە پێشوازی و هاوخەمیی حیزبی دێموكرات، خۆشحاڵی خۆیان لەو دیدارە و زانیاری وەرگرتن سەبارەت بە خەباتی پێشمەرگە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات كە زێدی مێژوویی وەكیل مستەفایۆڤە دەربڕی و هیوای سەركەوتنیان بۆ خەباتی كوردستانی ڕۆژهەڵات خواست.