کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی شەهید "ئاکام دەریایی" سپاسی هاوخەمی و هاودەریی خەڵکی کوردستانیان کرد

17:15 - 12 رەزبەر 2721

دەقی سپاسنامەکە بەم چەشنەیە:

سپاسنامە سەبارەت بە شەپۆلێک هاوخەمی بەنیسبەت شەهیدبوونی" ئاکام دەریایی"

ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات، کادر و پێشمەرگە قارەمانەکانی بنەماڵەی دێموکرات، هاوڕێیان و هاونیشتیمانیانی هێژا، سڵاوێکی شۆڕشگێڕانەتان پێشکەش بێت.

بەداخەوە هەواڵی ماڵاوایی پێشمەرگەی دلێر و شۆڕەسواری گەلی کورد، ئاکام دەریایی هەمووتانی خەمبار کرد. بێگومان، هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە شەهید "ئاکامـ"ـیان دەناسی و ئاشنا بە قارەمانییەتی و گیانفیدایی ئەم خەباتکارە بوون دەزانن کە لەدەستدانی نەمریان بۆ ئێمە و شۆڕشی ئازادی چ خەسارێکی گەوڕەیە و چ بۆشاییەک دەخاتە تێکۆشان.

بەڵام هەر دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ماڵاوایی شەهید "ئاکام" هەستێکی پڕ لە سەربەرزی و شانازی بە نێو خزم و پێشمەرگە و سەرکردایەتی دێموکرات بڵاو بووە، کە دەرخەری قارەمانییەتی و شۆڕشگێربوونی شەهید "ئاکامـ"ـی گەیاند لەنێو دڵی گەلەکەیدا.

هەڤاڵان؛ لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهید ئاکام شەپۆلێکی بەرین لە بەشداریی هاوڕێیانی "ئاکام" بۆ ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و هەروەها پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمی ڕووی لە بنەماڵەکەمان کرد و به ناردنی سەدان پەیام و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وێڕای دەربڕینی ئەمەگناسی و وەفاداری خۆیان، سەرەخۆشییان لە ئێمە و هاوسەنگەرانی کرد کە بوو بە مایەی سووکنایی و ئارامیی دڵ و ڕووحی زامدارمان.

هەر بۆیە ئەم شەپۆلە لە سەرەخۆشی و هاوخەمییە بە سەرمایەیەکی بەرزی مەعنەویی خۆمان و بنەماڵەی دێموکرات دەزانین و بە ناوی بنەماڵەکەمان بە ئەرکی دەزانین سپاس و پێزانین پێشکەش بە هەموو ئێوە بەڕێزان بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا داوای لێبووردنمان هەیە کە وەک پێویست و شیاو نەمانتوانیوە بۆ یەک بە یەکی ئەو خۆشەویستانە وڵام بنێرینەوە و وەک پێویست لە خزمەت هەموو ئێوەی ئازیز دابین.

ئاواتەخوازین بە بەشداری لە خۆشییەکانی ئێوەی ئازیز، قەرەبووی ئەم ئەمەگناسی و وەفاداریتان بکەینەوە.

لەلایەن بنەماڵەی شەهید "ئاکام دەریایی" ژیانێکی هەرمانی تا گەیشتن بە ترۆپکی ئازادی بۆ گشت ئێوەی ئازیز بە ئاواتەخوازم.

 جارێکی تر سپاس بۆ هەموو لایەکتان.