کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی قوتابییان لە چەند شاری ئێراندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

12:19 - 18 خەرمانان 2720

کردنەوەی قوتابخانەکان لە ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران، بێ ڕەچاوکردنی پرۆتۆکۆلی تەندروستی، ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوتابییانی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەرمانان، دایک و باوکی قوتابییان لە "سمنان" لە چەند شوێنی ئەو شارەدا بەبۆنەی کرانەوەی قوتابخانەکان کۆبوونەوەی ناڕەزاییەتیان بەڕێوە برد و نیگەرانیی خۆیان لەهەمبەر ئەو بڕیارە بێسەرەوبەرەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم دەربڕی.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە "تاران" خوێندکاران و بنەماڵەی قوتابییان لە ناڕەزایەتییەکی هاوشێوەدا و بە بەرزکردنەوەی پلاکارد و نووسراوەی ناڕەزایەتی، داوای داخستنی قوتابخانەکان یان ڕەچاوکردنی پرۆتۆکۆلی تەندروستی و پاراستنی گیانی قوتابییانیان کردووە.

هەروەها لە چەند شاری دیکەی ئێران بە شێوەی جیاواز بنەماڵەی قوتابییان لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان هاواری ناڕەزایەتیی خۆیان بەرز کردووەتەوە و هەڵوێستی توندیان گرتووەتەبەر و ئامادە نەبوونە منداڵەکانیان بنێرنەوە بۆ خوێندنگەکان.

لە دووەمین ڕۆژی کرانەوەی قوتابخانەکاندا لە "تاران"، قوتابییەک لە حەوشەی قوتابخانەدا بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانی لەدەست داوە و ئەوەش نیگەرانی و دڵەڕاوکێی زیاتری قوتابییان و بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.