کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە سکاڵایان لەسەر ڕێژیمی ئێران تۆمار کردووە

12:16 - 5 رێبەندان 2719

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، سکاڵایان لەسەر خامنەیی و فەرماندە باڵاکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، تۆمار کردووە.

بنەماڵەی یەکێک لە قوربانییەکان ڕایگەیاندووە کە بەهۆی خستنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە، سکاڵایان لەسەر ڕێژیمی ئێران و خودی خامنەیی، وەک تاوانبارانی سەرەکی، تۆمار کردووە.

ئەم سکاڵایە لە دادگای "ئونتاریو"ی کانادادا تۆمار کراوە.

ئەو فڕۆکە موسافیربەرییە ئۆکراینییە، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، لەلایەن پەدافەندی هەوایی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کرایە ئامانج. لەم کارەساتەدا نزیک بە ١٨٠ کەس گیانیان لەدەست دا و پاش ٣ ڕۆژ چەواشەکاری، لەژێر گوشاری کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، سپا بەرپرسیاریەتیی خستنە خوارەوەی ئەم فڕۆکەیەی لە ئەستۆ گرت.

هاووڵاتییانی وڵاتانی ئێران، ئۆکراین، کانادا، ئەفغانستان، سوئێد و بریتانیا لەم فڕۆکەیەدا بوون. هەروەها کۆمەڵێک کوردیش لەم کارەساتەدا بوون بە قوربانی.