کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی لە تاران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

17:39 - 18 بەفرانبار 2721

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی کە بە پەدافەندی ئاسمانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران خرایە خوارەوە، لە دوو شوێنی جیا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بنەماڵەی قوربانییان هاوکات لەگەڵ ئەو کاتژمێرەی کە قوربانییان سواری فڕۆکەی بووئینگی ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین بوون، بە پۆشینی لیباسی ڕەش و هەڵگرتنی وێنەی قوربانییان لە فڕۆکەخانەی "خومەینیـ"ـی تاران کۆ بوونەوە.

ناڕازییان پاش کۆبوونەوەی یەکەم لە فڕۆکەخانەی "خومەینی" دووەمین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان لە شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە بەڕێوە برد.

ناڕازییان لەو کۆبونەوەیەدا لەهەمبەر گیانلەدەستدانی ئەندامانی بنەماڵەکانیان بە مووشەکی سپای تێرۆریستی پاسداران، بە دروشمی "ئێمە قایم ڕاوەستاوین هەتا جینایەتکاران لە دادگایەکی بێلایەندا موحاکمە بکەین" ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی لە ئێران "جاستین ترۆدۆ" سەرۆکوەزیرانی کانادا لەگەڵ چەند بەرپرسی ئەو وڵاتە، بە شێوەی ئانلاین لەگەڵ بنەمەڵەی قوربانییان لە کانادا چاوپێکەوتنیان کرد.

ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ فڕۆکەی بووئینگی ٧٥٢ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، لەلایەن پەدافەندی ئاسمانیی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا.