کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵاپوور داوای بەڕێوەچوونی دادگای عادڵانە بۆ کوڕەکەیان دەکەن

17:47 - 7 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: دۆسیەی زیندانییەکی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانیی ناوەندی شاری ورمێ بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کرا.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا سەبارەت بە دۆسیەی هیدایەت عەبدوڵاپوور، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام ئاشکرای کردووە دۆسیەی ناوبراو بۆ پێداچوونەوە رەوانەی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات کراوە و ناوبراو چاوەڕوانی تاوتوێ کردنی دۆسیەکەیەتی.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی عەبدوڵلاپوور وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاندووە: بەدواداچوونی کاروباری حقووقی دۆسیەی هیدایەت عەبدوڵاپوور لەلایەن حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری دۆسیەکە ئەنجام دراوە و ئێمە چاوەڕوانی حوکمی دیوانی باڵای وڵاتین.

ناوبراو دەڵێت: دەرکردنی دووبارەی حوکمی ئێعدام بۆ هیدایەت لە سەر داوا و گوشاری حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ بووە و ئیتلاعاتی سپایش لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا پشتی بە قسەی چەند کەسێک لە ئەندامانی سپای پاسداران بەستووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵلاپوور لەژێر هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆدان و چەند جارێک ئەو بنەماڵەیە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ناوبراو دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵاپوور کردووە و پێیان وتوون لە وتووێژ کردن لەگەڵ ڕاگەیەنەکان خۆیان ببوێرن.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا دەڵێت: بنەماڵەی هیدایەت عەبدوڵاپوور داوای بەڕێوەچوونی دادگایەکی عادڵانە بۆ کوڕەکەیان دەکەن، دادگایەک کە تێیدا یاسا سەروەر بێت.

پیشتر یەکێک لە نیزیکانی عەبدوڵاپوور ڕایگەیاندبوو: پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لە سەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، حوکمی ئیعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەدا سەپا.

ئەو سەرچاوەیە وتبووی: پارێزەری دۆسیەی ئەو زیندانییە کوردە بە ناوینەجەفی بە بنەماڵەی عەبدوڵاپووری ڕاگەیاندووە کە لێرە یاسا سەروەر نییە و ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان زاڵ بە سەر یاسان و بڕینەوەی حوکمی ئێعدام بە سەر کوڕەکەیان بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری ورمێ بووە.

هیدایەت عەبدوڵاپوور وێڕای چەند کەسی دیکە بە ناوەکانی حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهید فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەمال مەسرووری و سدیق بائیکەرام پاش حەماسەخوڵقێنی قارەمانانی دێموکرات، لە گوندی قەرەسەقەڵی شنۆ لە جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەسبەسەر کران.

ئەو کەسانەی کە لەگەڵ هیدایەت عەبدوڵاپور دەسبەسەر کران سەرجەم بە ١٠٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.