کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە وردی چاوەدێری دەکرێن

10:46 - 13 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە بە توندی چاوەدێری دەکرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم و سپای تیرۆریستی پاسداران لە شاری سنە، لە ڕێگای سیخۆڕ و بەکرێگیراوەکانیانەوە، بە چڕوپڕی هەموو شێوە هەڵسوکەوتی بنەماڵەی پێشمەرگە و چالاکانی سیاسی کوردستان لە ناوچەی ژاوەرۆیان خستووەتە ژێر چاوەدێری و ئازاریان دەدەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی سوپای تیرۆریستی پاسداران و دەزگای سەرکوتگەری وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری سنە، بە چڕوپڕی گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان و زۆر بە چڕی لە ڕێگای سیخوڕەکانیانەوە چاوەدێری دەکرێن و زۆر جاریش بە بیانووی جۆراوجۆری بێ بنەماوە بانگهێشی ناوەندە ئەمنییەتییەکان دەکرێن.

پاش بەتاڵان بردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، لە کوردستان بە هەموو شێوەیەک گوشار خراوەتە سەر بنەماڵەی پێشمەرگەکانی کوردستان، بەتایبەت لە چوار ساڵی ڕابردوو و دەسپێکردنی وەرزی ڕاسان ئەو گوشارانە توندتر کراون و زۆر بە وردیی خراونەتە ژێر چاوەدێری.