کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە جارێکی دیکە لە بەردەم "دادگای نیزامیـ"ـی ڕیژیمی ئێران ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

11:22 - 8 سەرماوەز 2721

ژمارەیەک لە بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی سەرماوەز، بۆ جارێکی دیکە لە بەردەم "دادگای نیزامی" لە "تاران" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەو بنەماڵانە جەختیان کردووەتەوە کە خستەنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیە پێشتر لەلایەن سپای پاسدارانەوە  بەرنامەی بۆ داڕێژرابوو و ڕێژیمی ئێران ئەو تاوانە بە "ڕووداو" ناو دەبات.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، بنەماڵەکان بە هەڵگرتنی وێنەی کوژراوانی ئەو تاوانە لە شەقامی "شەریعەتیـ"ـی تاران بە دژی ئەو ڕێژیمە ڕێپێوانیان بەڕێوە بردووە و لە بەردەم ئەو دادگایەدا دروشمی ناڕەزایەتییان وتووەتەوە. دروشمەکان بریتی بوون لە "مەرگ و نەمان بۆ جینایەتکار"، "مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی" و "مەرگ و نەمان بۆ سپای پاسداران".

بەشداربووانی ئەو ناڕەزایەتییە، "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران و بەشێک لە فەرماندەکانی سپا لەوانە "ئەمیر عەلی حاجی زادە" فەرماندەی هێزی هەوا- فەزای سپا، "حوسێن سەلامی" فەرماندەی گشتیی سپا، "محەممەد حوسێن باقری" سەرۆکی ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکان و "عەلی شەمخانی" بەڕێوەبەری شورای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیمیان وەکوو بەرپرسانی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە ناو لێ بردووە.