نووسینگەیەکی حقووقی لە واشنتۆن ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە بنەماڵەی کوژراوانی فڕۆکەی ئۆکراینی کە دانیشتووی ئامریکان لە دادگای فێدێراڵی ئەو وڵاتەدا سکاڵایان بەرانبەر بە ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران تۆمار کردووە.
نووسینگەی حقووقیی "هریسچی" لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە بنەماڵەی چەند کەس لە کوژراوانی فڕۆکەی ئۆکراینی کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە مووشەک لێی درا بەنیسبەت کوژرانی کەسوکاریانەوە و نەپاراستنی ئەمنییەتی گیانییان لە بارودۆخی شەڕدا، شاردنەوەی بەڵگەکان و نەهێشتنی پاشماوەی ڕووداوەکە، ئەو سکاڵایەیان تۆمار کردووە.
ئەو سکاڵایە لەسەر ڕێژیمی ئێران بە ڕێبەرایەتیی "عەلی خامنەیی" و سپای تێرۆریستی پاسداران بە فەرماندەریی "حوسێن سەلامی" تۆمار کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو نووسینگە حقووقییە ئەو سکاڵایە، بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی لایەنە شاراوەکانی ئەو کارەساتە، پێشگرتن بە تەبانی لەنێوان ئێران و شیرکەتە فڕۆکەوانییە ئۆکراینییەکەدا، سەرپۆش دانان لەسەر ڕاستییەکان و پێشێلکردنی مافی بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو فڕۆکەیە تۆمار کراوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، فڕینی پی ئێس ٧٥٢ی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئۆکراین ئینتێرنەشناڵ پاش چەند خولەک هەستانەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی تاران، کرا بە ئامانجی مووشەکەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و ١٧٦ موسافیر و خەدەمەی ئەو فڕۆکەیە کوژران.