کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی گیانبەختکردووانی فڕۆکەی ئۆکراینی داوای سزادانی بکەرانی جینایەتەکەیان کردووە

12:34 - 26 رێبەندان 2720

ژمارەیەک لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی فڕۆکەی ئۆکراینی داوای سزادانی بکەرانی ئەو جینایەتەیان کردووە و جێگری دادستانی نیزامیی تاران لە وڵامدا وتوویەتی: "کوشتمان، چاکمان کرد کە کوشتمان".

ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی فڕۆکەی ئۆکراینی ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندان لە بەرانبەر دادسەرای نیزامیی تاران کۆ بوونەوە و خوازیاری سزادانی بکەرانی ئەو جینایەتە، لەوانە "ئەمیر حاجیزادە" فەرماندەی هەوافەزای سپای تێرۆریستی پاسداران بوون.

هەواڵی ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە لاپەڕەی تویتەریی ئەنجومەنی گیانبەختکردووانی فڕینی ps752دا بڵاو کراوەتەوە.

لەو لاپەڕە تویتەرییەدا نووسراوە: "ئەوڕۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی فڕینی ps752 دەنگی بەرزی مافخوازیی خۆیان لە ژوورەوە و دەرەوەی دادسەرای نیزامیی تارانەوە هەڵ هێناوە و خوازیاری سزادانی حاجیزادە، ئازادیی دەسبەسەرکراوانی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکەی ئۆکراینی و خۆ یەکلاکردنەوە لەگەڵ غوڵامعەلی تورکی بوون".

ئەو لاپەڕەیە لە زاری بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەو فڕینەوە نووسیویەتی کە لێکۆڵەری دۆسیەکەی دادسەرای نیزامی لە وڵامی داواکارییەکانی بنەماڵەکاندا وتوویەتی: "کوشتمان، باشمان کرد کە کوشتمان".

لەو لاپەڕەیەدا هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە ٣ کەس لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان بەهۆی گوشاری دەروونی پاش ئەو کۆبوونەوانە براونەتە نەخۆشخانە.