کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به باوەڕی بەرپرسانی ڕێژیم ئامارەکانی هەڵاوسان نیشانەی گرانی نییە

11:41 - 4 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرۆکی ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەو ئامارانەی کە لە بارەی هەڵاوسانەوە بڵاو دەکرێتەوە نیشانەی گرانی نییە.

"ئومید عەلی پارسا"، سەرۆکی ناوەندی ئاماری ئێران لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە، سەرجەم ئەو ئامارانەی کە لە بارەی هەڵاوسانی و مەندیی ئابوورییەوە بڵاو دەکرێنەوە بە مانای گرانی نییە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، یەکێک لەو شوێنانەیە کە کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ئامارەکانی ئەو شوێنە بۆ شیکاریی ئابووریی و سیاسەتگوزاریی خۆیان کەڵکی لێ وەر دەگرن.

ڕێکەوتی ٢ی بانەمەڕ، ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە نرخی هەڵاوسان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ مانگی یەکەمی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو نزیک بە ٥١ لەسەد بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارە، بنەماڵەکان لە ئێراندا بە شێوەی نێونجی لەو مانگەدا بە نیسبەت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، نزیک به ٥١ لەسەد زیاتر تێچوویان بۆ کەلوپەل و خواردەمەنییەکان تەرخان کردووە.

دوابەدوای کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی بەشێک لە گەمارۆوەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و هەروەها بەڕێوەبەریی ناکارامە و ناکارناسانە لە بیاڤی ئابووری، بەشێک لە کۆمپانیا و سەرمایەدانەرە گەورەکان وازیان لە بازاڕەکانی ئێران هێنا و جیا لە هاتنەئارای گرانی و مایەپووچبوونی وەبەرهێنەرە نێوخۆیییەکان و بێکاری زیاتر، هەڵاوسانی سەرسووڕهێنەریش یەخەی ئابووریی ئێرانی گرتووە.

دابەزینی بەهای ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلاردا، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکاری گرانبوونی نرخی خوراک لە ئێراندا لە قەڵەم دەدرێت و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ڕیاڵ یەک لەسەر سێ، بەهای خۆی لە دەست داوە.