کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجە لەسەر گیرفانی بەتاڵی خەڵک دەبەسترێت

12:41 - 22 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەفەرمی دانیان بەوەدا ناوە کە نەوت نافرۆشرێت و دەبێ بودجەی ساڵی داهاتوو لە جێگایەکی دیکەوە دابین بکەن.

نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیسدا بە مەبەستی پشت‌نەبەستن بە داهاتی نەوت بۆ بودجە، باس لە ڕێگای دیکە وەک ماڵیات دەکەن.

ڕێژیم لە هەوڵدایە کە بۆ پڕکردنەوەی بودجە، لە گیرفانی بەتاڵی خەڵک کەڵک وەربگرێت.

وەرگرتنی بودجە لە خەڵک لە کاتێکدایە کە بەپێی خودی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.

لە لایەکی دیکەوە گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ئەو ڕێژیمە ئابووریی ئەو وڵاتەی تووشی مایەپووچبوون کردووە.

بۆ ئەوەیکە ڕێژیم بتوانێت بودجەی ساڵی داهاتوو پەسند بکات، دەبێ ئەو بڕە نەوتەی کە ئێستا دەیفرۆشێت، هەر بەرمیلێک بە ١٩٥ دۆلار بفرۆشێت، بەڵام ئێستا نرخی نەوت کەمتر لە ٥٠ دۆلارە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەگەر نرخی نەوت هەروا کەم بمێنێتەوە، دەبێ ئێران زیاتر لە ٢ ملیۆن بەرمیل بفرۆشێت.

ئابووریی ئێران لەسەر نەوت دامەزراوە، ئەوەش زیانێکی قورسی بە ژێرخانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.