کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەمان لە حەوزەی عیلمیە کەمە و لە هەژاریدا دەژین! تکایە زیادی بکەن

16:59 - 6 خەزەڵوەر 2721

شەماڵ تەرغیبی

سەرباری هەبوونی سەدان جۆر کاناڵی داهاتی دەوڵەتی و هەروەها بوونی هەزاران سامانی سرووشتی بان زەوینی و ژێرزەوینی بەردەوام، خەڵکانی نیشتەجێ لە جوغرافیای ئێران بە دەست هەژاری و بێدەرەتانییەوە دەناڵێنن و هەنووکە ئەم خەڵکە و ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندی جیهانیدا یەکێک لە هەژارترینەکانن؛ بە چەشنێک کە لە زۆربەی پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی ژیان بێبەرین و توانای دابین‌کردنیان نییە. ئەمەش وای کردووە کە نرخی چارەڕەشی لە ئێران بەپێی دوائامارەکانی ناوەندی ئامار و بانکی ناوەندیی خودی ڕێژیم زیاتر لە ٥١٪ بێت کە وەک دەڵێن خراپترین دەورانە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا.

پڕئاشکرایە کە ئەو چینەی لەم دۆخە شپڕێوەدا زۆرترین خەسارەکانی بەر دەکەوێت یان بەر کەوتووە چینی کەمداهاتی کۆمەڵگان کە زیاتر لە پەراوێزی شارەکاندا دەژین و لە هەلی کار، مافی خانووبەرە و ژیانێکی ئاسایی بێبەرین؛ لەولاشەوە زۆر جاران وتراوە کە ڕێژەیەکی کەم لە دەسەڵاتبەدەستان و کەسانی نزیک لە حکوومەت توانیویانە بەهۆی بەستێنسازییەک کە دەزگای ویلایەت بۆی کردوون لە سامانە سروشتی و ناسروشتییەکان کەڵکاوەژوو وەربگرن و لە قازانجی خۆیان سامانە گشتی و تایبەتییەکان هەڵلووشن و بەسەر زۆرینەیەکی ڕەها لە خەڵک حوکمڕانی بکەن.

ئەم ڕێژە کەمە کە لە ژیانی ئاسوودەدا دەژین لە ڕاستیدا و بە پلەی یەکەم ئاخوندەکانی ڕێژیم و دواتر بەناو سیاسەتمەدار و دەوڵەتییە باڵادەستەکان لەخۆ دەگرێ کە زۆرترین کەیسەکانی گەندەڵیش هەر لەوانەوە سەرچاوە دەگرێ؛ بەڵام پرسی سەرنجڕاکێش لەم نێوانەدا ئەوەیە کە هەر ئەم کەسانە بوونەتە ناڕازی بەنیسبەت وەزعیەتی ژیانیان و دەڵێن ئەوەی هەمانە زۆر کەمە و دەبێ بۆمان زیاد بکرێ؟!!

بۆ نموونە "مورتزا ئاغاتێهرانی"، سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەناو فەرهەنگیی مەجلیسی ڕێژیم ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەر لە ئاخاوتنێکیدا لە شورای فەرهەنگیی گشتیی پارێزگای چوارمەحاڵ‌وبەختیاری وتوویەتی: "بودجەکانی حەوزەی عیلمیە زۆر کەمە و فێرخوازەکانمان کە هەمان "تەلەبە"کانی ئەم حەوزەن لە هەژاریدا دەژین و دەبێ بودجەمان بۆ زیاد بکرێ!!!"

لەمبارەوە پێویست دەکات هەندێ کەتواری شاراوە و نەشاراوە بخەینە ڕوو:

بەپێی یاسای بودجە لە ساڵی ١٤٠٠ زیاتر لە ٤٠ دەزگا و دامەزراوەی بەناو مەزهەبی لە ئێراندا زیاتر لە حەوت هەزار و دووسەد و پەنجاودوو (٧٢٥٢) میلیارد تمەن بودجە وەردەگرن کە ساڵ لەگەڵ ساڵیش ئەم ڕێژەیە زیاتر دەبێ؛ ئەمەش لەکاتێکدایە کە بودجەی وەزارەتی بەناو بارهێنان و پەروەردە تەنیا ٤٨١ میلیارد و ٣١ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار، شورای بەرزی بارهێنان و پەروەردە ١١ میلیارد و ٦٠٠ ملیۆن و بەڕێوەبەریی گشتیی بارهێنان لە هەموو پارێزگاکان ٨٩ هەزار میلیاردە.

وەک ئاماژەشی پێ کرا ئەم داواکاری و ئیدیعا لە کاتێکدایە کە جیا لە کەمیی ماڵیی دامەزراوە ئاموزشی و بێهداشتی و خزمەتگوزارییە حکوومەتییەکان زیاتر لە نیوەی حەشیمەتی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و وەک خودی دەوڵەت باس دەکات زیاتر لە نیوەی خەڵکانی ئێران بۆ درێژەدان بە ژیان پێویستییان بە ئاوڕدانەوەی جیددی هەیە.

یەکێک لەو نەهادە مەزهەبییانە کە ئاغاتێهرانی گلەیی هەیە کە گوایە بودجەیان نییە "شورای بەرزی حەوزەکانی عیلمیە"یە کە تەنیا ئەمساڵ ٦٥١ میلیارد تمەن بودجەی هەبووە کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پێشوو ٢٤٪ بەرزتر بووەتەوە و دەکاتە ١٦ بەرابەر زیاتر لە بودجەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی بوومەلەرزەناسی ئێران و چوار هێندەی ناوەندی گەشەدان بە کتێب‌خوێنی لە ئێران!

هەر لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تجارت نیوز" دەکەین کە دەڵێ: کۆی گشتیی بودجەی تەرخانکراو بۆ ستادی قەیران ١٣ میلیارد و ٧٠٠ ملیۆن تمەنە کە چوار میلیارد کەمترە لە بودجەی زانکۆی "ئەهلی بەیت". هەروەها دەنووسێ: "بودجەی ناوەندی خزمەتگوزاریی حەوزەکان لە کۆی بودجەی مەجلیس و دەزگای ئۆرژانسی گشتیی ئێران زیاترە".

لە نموونەیەکی تردا باس لە دامەزراوەی "جامعە المصطفی" دەکات کە خاوەنی ٤٦٥ میلیارد تمەن بودجەیە کە تایبەت کراوە بە ئاسانکاری و دابینکردنی بەستێن بۆ ژن و منداڵی تەلەبە غەیرە ئێرانییەکان لە دەرەوەی وڵات!

ئەم بودجە زۆرگەورانە کە بۆ حەوزەی عیلمیەکان تەرخان کراوە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی بێهداشتی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە هەنووکە یەکێک لە قەیرانەکانی بەردەم دەوڵەت پرسی نەبوونی ئەمنییەتی خۆراکییە بە چەشنێک کە پێوەری بەدخۆراکی لە نێو منداڵانی پارێزگای بەلوچستان گەیشتووەتە ١٢٪ لەحاڵێکدا ساڵی ڕابردوو ئەم ڕێژەیە ٦٪ بوو!

کۆی ئەم کەتوارانە جارێکی تر ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە ئەوەی بۆ سەرانی ڕێژیم و ژێردەست و گۆپاڵبەدەستەکانی گرینگە نەک ئامانجدارکردنی کۆمەڵگه و بەخشینی هێز و وزە و نۆڕم پێی بەڵکوو لەپەراوێزخستنی تاک بە تاکی کۆمەڵگه و خۆشکردنی زیاتری ڕێگەیە بۆ سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی زاڵ کە هەمان بیرۆکەی ویلایەتی فەقیهە بە نرخی لەنێوبردنی هەموو ئێران و قاتوقڕی بۆ هەموو خەڵکی ئێران.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.