کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەی ساڵی ٩٩ داهاتی بۆ ڕێژیمی ئێران نییە

12:49 - 6 بانەمەڕ 2720

لە بودجەی ساڵی ٩٩دا نزیک لە ٣٠٠ هەزار میلیارد تمەن لە داهاتەکانی ڕێژیمی ئێران نایەتە دی و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هۆشدارییان داوە کە دەبێ بودجەی ٩٩ چاکسازیی تێدا بکرێت.

"موجتەبا ڕەزاخا"، نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم وتوویەتی: "دەبێ دۆلاری ٤٢٠٠ تمەنی لە ئابووریی ئێراندا لا ببەین چونکە بەم شێوەیە ٣٠٠ هەزار میلیارد تمەن لە داهاتی ئابووریی ئێران نایەتە دی".

بە وتەی ئەو نوێنەرە، ئامانج لە دراوی ٤٢٠٠ تمەنی کۆنترۆڵی نرخەکانە، هەروەها پشتیوانی لە توێژی کەمداهاتی کۆمەڵگە بوو و ئەو ئامانجە لە کردەوەدا نەهاتە دی.

بەپێی گەلاڵەی بڵاوکراوی بودجەی ساڵی ٩٩ی ئێران، ڕێژیم ٤٢٠ هەزار میلیارد تمەنی بۆ سەرچاوە گشتییەکان تەرخان کردووە.

بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران نزیک به ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن کەسریی هەیە. ڕێژیم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بودجەیە بڕیاری داوە ماڵیات لە خەڵک وەربگرێت.

لە بودجەدا باس لە ماڵیات کراوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژە بەوە کراوە کە پیشە بدەینە دەستی کەرتی تایبەت، بەڵام ئەوەش ئیدعایە چونکە سپا دەستی بەسەر ئابووریی ئێراندا گرتووە.

ڕێژیم ئیدعای ئەوەی کردووە کە لە ساڵی ٩٩دا، دەتوانێت لە ڕێگەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتەوە، داهاتێکی ١٠ هەتا ١٢ میلیارد دۆلاری بەدەست بێنێت، بەڵام بەپێی لێکدانەوە ئابوورییەکان، ئەم داهاتە هیچکات بەدەست نایەت.

دیاریکردنی ئەم ڕەقەمانە لە بودجەی ساڵی داهاتوو لە حاڵێکدایە کە گەمارۆوە نەوتییەکان گەورەترین لەمپەڕ بۆ فرۆشتنی نەوتی ئێرانن و دەوڵەتی "ڕووحانی" تەنیا توانیویە لە ساڵی ٩٨دا ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

کارناسێکی ئابووری لەمبارەوە باسی لەوە کردووە کە بەپێی لێکدانەوەکان، خەڵک دەبێ لە ساڵی ٩٩دا چاوەڕوانی گرانیی زیاتر بن.

بودجەی ئەمساڵ تەنیا کۆمەڵێک بەڵگەی نووسراوەیە کە لە بنەڕەتدا هیچ لەگەڵ دۆخی ئابووریی ئێران یەک ناگرێتەوە و تەنیا دروشمە.