کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەی ستادی ئاوەدانەکردنەوەی مەزارگەکانی شیعە ٩٢ لەسەد زیاد کرا

12:42 - 16 پووشپەڕ 2722

ستادی گەشەپێدان و ئاودەانکردنەوەی مەزارگەکانی شیعە، کە سەر بە هێزی قودسی سپای پاسدارانە و ئەرکی پەرەپێدانی مەزارگە شیعەکانی لە عێراق لە ئەستۆیە، بودجەی ئەمساڵی ئەم ستادەی بە زیادکردنی   ٩٢ لەسەد کردووەتە ١٣٠٠ میلیارد تمەن.

''مەجید نامجو'' جێگری بەرپرسی ئەم ستادە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی پووشپەر ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و وتی: "ساڵی ڕابردوو ٧٢٠ میلیارد تمەن بودجە تەرخان کرابوو کە  بۆ یەكەمجار گەیشتینە بودجەی ٩٢ لەسەدی و پەسەند كرا".

ناوبراو تەواوبوونی هەندێک پڕۆژەی لە نەجەف و کەربەلا ڕاگەیاند.

مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، ئەندامێکی دیکەی ستادی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی مەزارگەکان، بە پێشبینی زیادکردنی ٩٢ لەسەدیی بودجەی ئەم ستادە ڕایگەیاندبوو "جگە لە پەرەپێدانی مەزارگەکان، پلانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی گۆڕی چەند کەسایەتییەکی گەورەی ئایینی و نیشتمانی کە لە عێراق نێژراون هەیە".

بە وتەی بەرپرسانی ئەم ستادە زیاتر لە ١٥٠ پرۆژە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە ئاینییەکانی شیعە لە عێراق و وڵاتانی دیکە کە تێچوونەکانیان لەلایەن ئێرانەوە دابین دەکرێت هەتا ٢٠ ساڵی داهاتوو درێژەی دەبێت.