کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەی "فەزایی" ڕێژیمی ئێران پێنج بەرابەر زیادی کرد

10:23 - 30 سەرماوەز 2721

"عەلی ئەسغەر ئەنساری" جێگری وەزیری پەیوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران بە هەواڵدەریی "مێهر"ی سەر بەو ڕێژیمەی وتووە: "بەپێی هەڵسەنگاندنی بودجەی ١٤٠٠ و بودجەی ساڵەکانی پێشوو، گەڵاڵەی پێشنیاریی بودجەی ١٤٠١ لە بەشی تۆڕی سەرتاسەریی زانیاری و پیشەی فەزایی چەند هێندەی ساڵی ١٤٠٠"ە.

"ئەنساری" لە درێژەدا وتوویەتی: "ئەگەر ئەو گەڵاڵەیە پەسەند و بە یاسایی بکرێت، گەشەیەکی بەرچاومان بۆ ساڵی ١٤٠١ لە بەشە جۆراوجۆرەکانی بواری ICT دەبێت".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە کە بەشە بودجەی پیشەی "فەزایی" لانیکەم پێنج هێندە بەنیسبەت بودجەی ساڵی ١٤٠٠ زیادی کردووە. هەروەها بودجەی تۆڕی سەرتاسەریی زانیاریش لە ساڵی ١٤٠١دا پتر لە ٣ بەرابەرە.

زیادکردنی بەشە بودجەی ئەو لایەنە بۆ ئەوەیە ڕێژیمی ئێران پەرەی زیاتر بە گەشەی بەرنامە مووشەکییەکەی بدات، هەروەها باشتر لەسەر جیهان و خەڵکانی ئێران سیخوڕی بکات.