کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بودجەی ١٤٠٠؛ هەڵاوسان و گرانیی زیاتر

12:26 - 16 سەرماوەز 2720

لە لایحه بودجەی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی کە لەلایەن ''حەسەن ڕووحانی'' سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەز ڕادەستی مەجلیسی ڕێژیم کرا، هیچ گرینگییەک بە گەشە و ئاوەدانی و تەندروستی نەدراوە.

 بە وتەی کارناسان، بەپێی ئەم بودجەیە دەبێ چاوەڕوانی کارەساتی ئابووریی دیکە بین.

ناوەرۆکی ئەم لایحەیە بۆ جارێکی دیکە دەری دەخات کە داڕشتنی بودجە لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا لە دەست تاقمێکدایە و لە بیروڕای کارناسانە بەدوورە، گرووپێک کە دەسەڵاتیان لەژێر دەستدایە بە ناوی بودجە سەرچاوەکانی ئەو وڵاتە بەتاڵان دەبەن.

چەند دەیەیە بەشێکی زۆر لە بودجەی ئەو وڵاتە لە پەرەپێدانی بیری مەزهەبی خەرج دەکرێت و بوارەکانی گەشە و ئاوەدانیی ئەو وڵاتە ئاوڕێکی پێ نادرێت.

بەپێی ئەم بودجەیە لە ساڵی ١٤٠٠، ناوەندی عەقیدەتی و تەبلیغیی ''ڕاهیانی نوور'' ٣٠ میلیارد تمەن بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت.

هەروەها لەم بودجەیە ٨.٥ میلیارد تمەن بۆ ناوەندی ''قاسم سلێمانی'' تەرخان کراوە کە دەچێتە گیرفانی ''زێنەب سلێمانیـ''ـیەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بۆ کڕین و هاوردەکردنی واکسەنی کۆرۆنا هیچ بودجەیەک تەرخان نەکراوە و گرینگی بە تەندروستیی خەڵک نەدراوە.

بەشێکی گرینگ لە لایحەی ١٤٠٠ بۆ شیرکەتە دەوڵەتییەکانە کە بودجەی تایبەتییان بۆ تەرخان کراوە کە لە مەجلیسی ڕێژیمدا تاوتوێ ناکرێت و زۆربەی خەڵک لێی ئاگادار نییە.

داهاتی ڕێژیم لە حاڵێکدا بەپێی ئەو لایحەیە بڕیارە بەرز ببێتەوە کە زۆرێک لە سەرچاوەکانی داهات ڕاست نین، ئەمە بەو واتایەیە ئەم بودجە هەر لە ئێستاوە لەسەر کاغەزیش تووشی کەسری بووە، کەسەریی بودجەیەک کە لێکەوتەی خراپی بەدواوە دەبێت.

ڕێژیمی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی تێچووەکان یان لە سەندووقی گەشەی ئەو وڵاتە پارە هەڵدەگرێت یان دارایی گشتیی هەڕاج دەکات کە لە هەر دوو حاڵەتدا سەرچاوەکانی ئێران لە ناکارامەیی ڕێژیم خەرج دەکرێت.

بەم شێوە بودجەبەندییە هیچ گومانێک نییە کە ئابووریی ئێران لە ساڵی داهاتوو لەگەڵ کێشەی زۆرتر بەرەڕوو دەبێتەوە و نرخی هەڵاوسان و گرانی بەرزتر دەبێتەوە و سفرەی خەڵک ئەوەندەی دیکە بچووکتر دەبێتەوە.