
"جەعفەر قادری" ئەندامی "کۆمیسیونی بەرنامە و بودجەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران" دانی بەوەدا ناوە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئەمساڵ لەگەڵ کەمیی ٥٠ لەسەدیی بودجە بەرەوڕوو دەبێتەوە.
"قادری" لە دوای کۆبوونەوەی ئەندامانی کۆمیسیونی بەرنامە و بودجە لەگەڵ "مەسعوود میرکازمی" سەرۆکی "ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە"ی ڕێژیم، جگە لە نیگەرانی لەهەمبەر بودجەی ساڵی ١٤٠١، وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران بۆ دابینکردنی بودجەی ئەمساڵ، ٥٠ لەسەد کەمیی دەبێت".
ناوبراو لە درێژەدا بەشداریکردنی بەشی غەیرەدەوڵەتی و کەرتی ئاوەدانکردنەوەی بە یەکێک لە ڕێگاکانی قەرەبووکردنەوەی کەمیی ئەو بودجەیە زانی.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاماری ڕێژیمی ئێران، نرخی هەڵاوسان لەنێو بنەماڵە شارنشینەکان و پتر لە ٨ پارێزگا لە ٥٠ لەسەد تێپەڕیوە، ئەو ژمارەیە بۆ نیوەی پارێزگاکانی دیکەش پێشبینی کراوە.
بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نرخی هەڵاوسانی کوردستان و ئێران بەگشتی بڵاو ناکاتەوە، بەڵام ئەو ئامارانە دەداتە دەسەڵاتی سەرکۆماری.
"ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئیران، پێشتر لە ٣٠ی گەلاوێژ و لە مەجلیس، نرخی هەڵاوسانی نزیک بە ٦٠ لەسەد بڵاو کردبووەوە.
کارناسانی ئابووری پێشتر هۆشدارییان دابوو کە ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی بودجە، وەکوو "ماشینی چاپی پارە" لە بانکی ناوەندیی کەڵک وەردەگرێت.