کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزە دیسانەوە کرماشانی هەژاند

12:13 - 29 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بوومەلەرەزیەکی ٣/٧ ڕیشتری، شاری گێڵانغەربی پارێزگای کرماشانی هەژاند.

شەوی هەینی، ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٧ی هەتاوی، بوومەلەرزەیەک به گوڕی ٣/٧ ڕیشتر، شاری گێڵانغەربی پارێزگای کرماشانی هەژاند؛ بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی مێهر، ناوەندی بوومەلەرزە تۆمارکردنی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، که ئەم بوومەلەرزەیە لە قووڵایی ٧ کیلۆمێتری گێڵانغرب ڕووی داوە.

 دوازده ڕۆژ پێشیش، بوومەلەرزەیەک به گوڕی ٥/٩ ڕیشتێر ئەم شارەی هەژاند، که ٣٤ برینداری لێ کەوتەوە؛ یەک کەس لە بریندارەکانیش پاش سێ ڕۆژ لە ڕوودانی بوومەلەرزەکە گیانی لە دەست دا.

پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر ڕووداوی بوومەلەرزەی کرماشان، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاونیشتمانیان لەم پارێزگایەدا، خەڵکی شارە بوومەلەرزەلێدراوەکان هێشتا لە نێو کانێکسدا دەژین و لەگەڵ کێشەگەلی جیدی بۆ درێژەدان بە ژیان بەرەوڕوون.

هەر لەم پێوەندییەدا، بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئاگرگرتنی ئەو کانێکس و خێوەتانەی نیشان داوە، که لە گەڕەکی تازئاوا بۆ ژیانی خەڵک دابین کرابوون.

دۆخی ژیانی خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان نالەبارە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەڵ کێشەی نوێ بەرەوڕوو دەبنەوە.

بەرپرسانی ڕێژیم، هیچ ئاوڕێک لە دۆخی ژیانی ئەو خەڵکە نادەنەوە و بە بڵاوکردنەوەی وێنە و هەواڵگەلێکی ناڕاست سەبارەت به دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک لەو ناوچانەدا، لە هەوڵی سەرپۆشدانان بەسەر کێشەکان و فریودانی ڕای گشتین.