کوردستان میدیا: بوومەلەرزە و دوالەرزەکانی لە زاگرۆسدا هەر قوربانی لێ دەکەوێت و زیان بە خەڵکی ئەو ناوچەیە دەگات و ئاوارەیی لە شەقامەکان بەردەوامە.
نوێترین بوومەلەرزە، شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە گوڕی ٤.١ ڕیشتر لە ناوەندی شاری کویەشت، سەر بە پارێزگای لوڕستان ڕووی داوە، کە کۆمەڵێک بریندار و زیانی دارایی لێ کەوتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیدارەی گشتیی بەڕێوەبەریی قەیرانی پارێزگای لوڕستان، هەتا ئێستە ٢٠ کەس لە خەڵکی ئەو شارە بریندار بوونە و خانوویەک زۆریش وێران بوونە و نیشتەجێیانی ئەو شارە لە ترسی بەردەوامبوونی بوومەلەرزە، پەنایان بۆ شەقامەکان بردووە.
پاش بوومەلەرزەی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای کرماشان، دوالەرزەکانی ئەو بوومەلەرزەیە هەتا ئێستە بەردەوامن و لە هەندێک شار و گوندی کوردستان خەساری گیانی و ماڵی بە خەلک دەگەیەنێت.
لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، هەتا ئێستە نزیک بە ٢٠٠٠ بوومەلەرزە، ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی ئەو پارێزگایەی هەژاندووە و پارێزگاکانی دیکەش وەکوو: چوارمەحاڵ و بەختیاری، لوڕستان، ئیلام، هەمەدان، سنە و ورمێ چەندین جار لەرزاون و خەڵک بە بەردەوامی لەگەڵ خەسار و دڵەڕاوکێ بەرەوڕوو دەبنەوە.