کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزە پارێزگای هۆرمۆزگانی هەژاند

12:23 - 24 خەزەڵوەر 2721

دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر بوومەلەرزەیەک بە هێزی شەش ڕیشتەر باکووری بەندەرعەباس، بەخشی "فینـ"ـی پارێزگای هۆرمۆزگانی هەژاند و بە ماوەی یەک خولەک دواتر سووکەلەرزەیەک بە هێزی ٦.٤ ڕێشتەر دووبارە ناوچەکەی هەژاند.

ئەو دوو بومەلەرزەیە خەساری گیانی و ماڵیی بە هاووڵاتییان گەیاند و سەرچاوەکان هەتا ئێستا گیانلەدەستدانی یەک کەسیان ڕاگەیاندووە و زیاتر لە ٩٩ کەسیش زیانیان بەر کەوتووە.

"غوڵامڕەزا ڕەفیعی " بەخشداری "فین" ڕایگەیاندووە، بوومەلەرزە لە دە هەتا ٨٠ لەسەد خەساری بە بەخشی "فین" و گوندەکانی "ڕێزوان، سەرزە، مەزار، زەرتوو، گەهرە و قوتب ئاباد"ی ئەو بەخشە گەیاندووە.

هاووڵاتییان لەو پارێزگایە شەوی ڕابردوو لە دەرەوە نووستونە و هاتە بەرەبەیانی زیاتر لە ٦٠ سووکەلەرزە ناوچەی هەژاندووە.

برقی زۆربەی گوندەکان پچڕاوە و بەشێکی زۆر لە گوندکانیش ڕێگاکانیان بەهۆی ڕووخانی کێوەکانی دەوروبەری ڕێگاکان گیراون، قوتابخانەکانیش لەو پارێزگایە ئەمڕۆ دووشەممە بە گشتی داخراون.

"محەممەد مۆخبێر" جێگری یەکمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وەک شانۆی هەمیشەیی باڵادەستانی ڕێژیم کە بە دوای ڕووداوە سروشتییەکان سەردانی ناوچەکان دەکەن سەردانی پارێزگای هۆرمۆزگانی کرد و تەنیا باسی لە خەسارەکان کرد.

ڕوودانی بوومەلەرزەی پارێزگای هۆرمۆزگان لە کاتێکدایە کە هەتا ئێستا بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگاکانی "کرماشان، کرمان و لوڕستان" خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆیان بۆ ئەنجام نەدراوە و لە دۆخێکی خراپدان.