کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوومەلەرزەی کرماشان و درۆکانی ڕێژیمی ئێران

13:15 - 4 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی بوومەلەرزەناسی، هێزی بوومەلەرزەی کرماشانیان بە ٦پلەی ڕیشتێر ڕاگەیاندووە بەڵام ڕێژیمی ئیسلامی  تەوژمەکەی بە ٥.٩ پلەی ڕیشتەری مەزندە کردووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران، بوومەلەرزەیەک  بە تەوژمی ٥.٩ پلەی ڕیشتەر، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەرمانان شاری تازاوای سەر بە پارێزگای کرماشانی هەژاند.

ئەم هەواڵانە لە کاتێکدا بڵاو کراونەتەوە کە  ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بوومەلەرزەناسی "یو.جی، ئێس" بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاند: بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆی کرماشان تەوژمەکەی ٦.٣ ڕیشتەر بووە؛ شیاوی ئاماژە پێدانە کە بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی ئیلام و سنەش بە توندی هەستی پێکراوە.

سەبارەت بە ڕێژەی قوربانییانی ئەم بوومەلەرزە،  "هوشەنگ بازوەند" پارێزگاری کرماشان باسی لە گیان لەدەستدانی ٣ هاووڵاتی و برینداربوونی ٢٤١ هاووڵاتی کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرچاوە خۆجێیەکان باس لە کوژرانی ژمارەیەکی زۆرتر دەکەن.

سەبارەت بە خەسارەکانی پاش بوومەلەرزەکەش ناسێح عەزیمی، ئەندامی شورای شاری تازاوا لە پرێسکۆنفڕانسێکدا پچڕانی ئاو و کارەبای لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکاندا ڕاگەیاند.

 بەهۆی ڕوودانی بوومەلەرزەی ٧ ڕیشتەری لە ئەزگەلەی کرماشان لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، کە زیاتر لە ١٠هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا کوژرانی ٦٢٠ کەسیان ڕاگەیاندبوو.

دوابوومەلەرەزەی کرماشان لە کاتێکدا زیانی گیانی و ماڵی لێدەکەوێتەوە کە هەتا ئێستا دوای تێپەڕینی زیاتر لە ١٠ مانگ بەسەر بوومەلەرزەی ساڵی ڕابردووی ئەزگەلە، شارە بوومەلەرزە لێدراوەکان ئاوەدان نەکراونەتەوە و خەڵک هێشتا لە نێو چادر وکانێکسدا دەژین.