هاتنی بوومەلەرزە لە پارێزگاری لوڕستان بوو بەهۆی برینداربوونی چەندین کەس و هەروەها زیانبەرکەوتنی بەشێک لە ئاسەوارە مێژوویی و کولتوورییەکانی ئەو پارێزگایە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی بانەمەڕ، بوومەلەرزەیەک بە گەورەیی ٥.١ ڕیشتەر و قووڵایی ٧ کیلۆمیترەوە، دەوروبەری "فیرووزئاوا"ی لە پارێزگای لوڕستان هەژاند.
ناوەندی بوومەلەرزەناسیی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ لە کاتژمێر ١٢ و ٣٠ خولەک و ٤٩ چرکەدا بوومەلەرزەیەک بە گەورەیی ٥.١ ڕیشتەر دەوروبەری فیرووزئاوای پارێزگای لوڕستانی هەژاندووە. هەڵکەوتەی جوغرافیایی ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە دەکاتە ٤٨.٠٨ دەرەجەی درێژەوانەی جوغرافیایی و ٣٣.٧٥ دەرەجەی پانایی جوغرافیایی و قووڵایی ٧ کیلۆمیتر".
"ئەمین قاسمی"، بەڕێوبەری ئاسەوارە مێژووییەکانی پارێزگای لوڕستان ڕایگەیاندووە، چەند بینای مێژوویی شاری بروجرد لەو پارێزگایەدا تووشی زیان بووە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە چەند دانە لە ددانەکانی بۆرجەکی "فەلەکولئەفلاک" تووشی زیان بووە، بەڵام زیانێکی بەرچاو بەر قەڵای "فەلەکولئەفلاک" نەکەوتووە.
"مەهدی پازووکی"، بەڕێوبەری ئیدارەی گشتیی بەڕێوبەریی قەیرانی پارێزگای لوڕستان بە ئاماژەدان بە زیان پێگەیاندنی بوومەلەرزەکە بە بینا کۆنەکانی گوندەکانی ئەو پارێزگایە ڕایگەیاندووە، هەتا ئێستا ٢٥ حاڵەتی برینداربوون تۆمار کراوە.
"پازووکی" هەروەها باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی بەرچاوی زیانەکان بە بیناکان لەو گوندانەدا بووە کە ماڵەکانی کۆن بوونە، وەک گوندەکانی شارەکانی خوڕەم ئاوا، سلسلە و دەورە چێگەنی.