کوردستان میدیا: بههۆی هاتنی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئێران و کوردستاندا، چەندین کەس گیانیان لەدەست دا و چەندین کەسیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر، بوومەلەرزەیەک بە تەوژمی ٥.٩ پلەی ڕیشتەر، پارێزگای "تەورێز"ی هەژاند.
بەپێی ئامارەکان، هەتا ئێستا ٦ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٣٢٣ کەسیش بریندار بوون.
میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر ٢ و ١٧ خولەک لە شاری میانە سەر بە پارێزگای تەورێز ڕووی داوە.
ئەو بوومەلەرزەیە لە پارێزگاکانی "ورمێ، گیلان، زەنجان، قەزوێن و ئەردەبێڵ" هەستی پێکراوە.
ئەو بوومەلەرزەیە ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری خستووەتە نێو خەڵک و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە لە ترسی گیانیان شەو هاتوونەتە سەر شەقامەکان.
هاوکات لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای هورمۆزگانیش دوو جار بوومەلەرزە ڕووی داوە.
هەروەها لە پارێزگای ورمێ و لە شاری گردکشانە، لە قووڵایی ١٠ کیلۆمیتریی زەوی، بوومەلەرزەیەک بە تەوژمی ٤.٨ ڕیشتەر ڕووی داوە.
ئەو بوومەلەرزەیە لە شارەکانی نەغەدە، پیرانشار و مەهاباد هەستی پێکراوە.
ئەو بوومەلەرزەیە هیچ زیانێکی گیانی و ماددیی بەدواوە نەبووە.