کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بوئینگ گرێبەستەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە

18:34 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: شیرکەتەکانی "بوئینگ" و "ئەیر باس" گرێبەستەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ فرۆشتنی فڕۆکە هەڵدەوشێننەوە.

"دێنیس مۆلێنبێرگ"، بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی بوئینگ لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو شیرکەتە پێڕەوی لە بڕیارەکانی ترامپ دەکات و بەپێی بڕیارەکان مۆڵەتەکانی فرۆشتنی بوئینگ بە بڕی ٢٠ میلیارد تمەن بە ڕێژیمی ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە و هیچ فڕۆکەیەک بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشێت.

"دێنیس مۆلێنبێرگ"، باسی لەوەش کردووە، ئێمە ڕێنوێنییەکانی دەوڵەتی ئامریکا لەبەرچاو دەگرین.

لە دوای چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، شیرکەتی بوئینگ ئەو بڕیارەی داوە و سەرجەم گرێبەستەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی شیرکەتی بوئینگ پێشتریش ڕایگەیاندبوو، بەپێی ڕێککەوتنێک ئێمە هیچ فڕۆکەیەک بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشین و ڕادەستکردنی ئەو فڕۆکانە ٣ ساڵ دەخایەنێت، بەڵام ئێستا بە گشتی ئەو گرێبەستە هەڵدەوەشێتەوە و هیچ فڕۆکەیەک ڕادەستی ڕێژیم ناکرێت.

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ ١١٨ فڕۆکەی موسافیرهەڵگر بە بڕی ٢٧ میلیارد دۆلار لە شیرکەتی ئێیرباسیش بکڕێت، بەڵام ئەوەش لە لایەن ئامریکاوە ئیزنی فرۆشتنی پێ نەردا.

ناوگانی هەوایی ڕێژیمی ئێران زۆر کۆن و پرتووکاوە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمه لە هەوڵی ئەوە دان کە چارەسەری بکەن، بەڵام ئەوەش لەگەڵ کێشە و گرفتێکی زۆر بەرەوڕوویە و لە دۆخی ئابووریی ئێستای ڕێژیم‌دا چارەسەر ناکرێت.

عەباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگەوبانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیگەرانییەوە باسی لە دۆخی فڕۆکەخانەکانی ئێران کردبوو و ڕایگەیاندبوو، تەنیا ٨ فڕۆکەخانەی ئێران واتە کەمتر لە ٢٠% ی ناوگانی هەوایی، چالاکییان هەیە.

هەنووکە تەمەنی پیشەی هەواپێوانی ئێران لە ٨٢ ساڵ تێپەڕیوە و بەهۆی کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ٤ دەیەی ڕابردوودا گەیشتۆتە خاڵی سوور و یەکێک لە بێ‌متمانەترین ناوگانەکانی جیهانە.