کوردستان میدیا: بەرپرسانی دەوڵەتی ئاڕژانتین داوایان لە دەوڵەتی ئازەربایجان کردووە که ئەگەر تێرۆریست "عەلی ئەکبەر ویلایەتی" سەردانی "باکوو"ی کرد، دەسبەسەری بکەن.
دۆسیەی تێرۆرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ئاوەڵایە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر سزادانی تاوانبارانی کردەوە تێرۆریستییەکان سوورە.
دەوڵەتی ئاڕژانتین داوای لە دەوڵەتی ئازەربایجان کردووە کە هەر کات "عەلی ئەکبەر ویلایەتی'' سەردانی ئەو وڵاتەی کرد ڕادەستی پۆلیسی ئینتێرپۆلی بکات.
"عەلی ئەکبەر ویلایەتی" بڕیارە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر بۆ "باکوو" سەفەر بکات.
دادوەر "ئاڵبێرتۆ نیسمان"، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانیی ماڵی لە تەقینەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئارڕژانتین تاوانبار کردبوو.
"نیسمان" پێشتر خوازیاری گرتن و دەسبەسەرکردنی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک: "موحسێن ڕەزایی"، "عەلی ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی"، "عەلی ئەکبەر ویلایەتی" و "سەردار ئەحمەد وەحیدی"، لە لایەن پۆلیسی نێودەوڵەتییەوە (ئینتێرپۆل) بوو.
تەقینەوەی ناوەندی جوولەکەکانی ئاڕژانتین، لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٥ هاووڵاتیی جوولەکە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.
له ئهنجامی تهقینهوهی بنكهی هاویاریی جوولهكهكانی ئاڕژانتیندا، دادوەری گشتیی ئاڕژانتین، بهرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامی و حیزبوڵڵای به بهرپرسیاری ئهم هێرشه تێرۆریستییه زانی.
دادوەری گشتیی ئاڕژانتین خوازیاری دەسبەسەرکردنی ٩ کەس، لەوانە: "عەلی ئەکبەر هاشمیی ڕەفسنجانی و عەلی ئەکبەری ویلایەتی لە لایەن پۆلیسی نێونەتەوەییەوە بووە و داوا لە ئینتێرپۆلیش کراوە کە وێڕای ئەو دوو کەسە، ٦ کەسی دیکە بە ناوەکانی عەلی فەلاحییان، "وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکاتی ڕێژیمی ئیسلامی"، موحسێن ڕەزایی، "فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی"، ئەحمەدڕەزا ئەسغەری، "سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاڕژانتین"، ئەحمەد وەحیدی، "فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران"، موحسێن ڕەبانی، "ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئاڕژانتین" و عێماد مەغنییە "بەرپرسی ئەوکاتی ستادی ئۆپێراسیۆنی تایبەتی حیزبوڵـڵای لوبنان"، دەسبەسەر بکرێن.