کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارنامەی ئامریکا بۆ گەمارۆی چەکوچۆڵی ئێران ڕەت کرایەوە

18:55 - 25 گەلاوێژ 2720

بڕیارنامەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ گەمارۆی چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران پاش خرانە بەر دەنگدان لە شورای تەناهیی نێونەتەوەییدا ڕەت کرایەوە.

ڕۆژی هەینی ٢٤ی گەلاوێژ، شورای تەناهیی نێونەتەوەیی بڕیارنامەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکای خستە بەر دەنگدانەوە و بە ٢ دەنگی ئەرێنی و ٢ دەنگی نەرێنی و ١١ دەنگی بێ لایەن ڕەت کرایەوە.

دوو وڵاتی "ئامریکا" و "کۆماری دۆمێنیکێن" دەنگی ئەرێنی و "ڕووسیە" و "چین" دەنگی نەرێنییان بەو بڕیارنامەیەی ئامریکا داوە و سەرجەم وڵاتانی دیکەی بەشدار لە شورای تەناهیی نێونەتەوەییدا بێ لایەنییان نواندووە.

ئامریکا پێشتر هەڕەشەی کردبوو کە لە ئەگەری دەنگ نەهێنانەوەی ئەو بڕیارنامەیەدا ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران بە تەواوەتی تێک دەدات.

لەو پەیوەندییەدا "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕەخنەی لە بێ توانایی شورای تەناهی گرتووە و وتوویەتی: "شورای تەناهی لە مەئموورییەتی خۆی واتە پاراستنی تەناهیی جیهانی سەرکەوتوو نەبووە و ئێران لە بەرانبەر کردارەکانیدا وڵامدەر بکات".

بەپێی بەیانییەیەک کە وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بڵاوی کردووەتەوە، دەنگ نەهێنانەوەی بڕیارنامەی ئامریکا لە شورای تەناهیدا ئەو دەرفەتە بە ڕێژیمی ئێران دەدات تا خۆی پڕچەکتر بکات، کارێک کە لە ڕوانگەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاوە هەڕەشەی وێرانی و ناسەقامگیریی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دووبارە دەکاتەوە.

هەروەها ئێرانیش بەرانبەر بە دەنگ نەهێنانەوەی ئەو بڕیارنامەیە کاردانەوەی نیشان دا و ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارنامەیەی بە شکستێکی گەورە بۆ ئامریکا ناو لێ بردووە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە سەرنجدان بە دەنگ نەهێنانەوەی بڕیارنامەکەی ئەگەری هەیە کە مێکانیزمی ماشە کە لە خاڵەکانی بەرجامە کارا بکاتەوە تا بەو شێوەیە گەمارۆکان جارێکی دیکە بخرێتەوە سەر ئێران.