سۆران شەمسی
ڕۆژانی کۆتایی مانگی گەلاوێژ و دەستپێکی مانگی خەرمانانی هەموو ساڵێک، وەبیرھێنەری ھێرش و تەیارکردن و فتوای جیھاد بە دژی نەتەوەی کورد و بۆ سەر خاکی کوردستانە.
لە ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا، ڕادیۆ دەنگی تاران پەیامی فتوای جیھادی خومەینی بە دژی گەلی کورد و هیرش بۆ سەر خاکی کوردستان بڵاو کردەوە.
فتواکەی خومەینی، دەستپێکی کوشتار و لەسێدارەدانی سەربازگەیی و کوشتنی بێبەزەیییانەی ڕژیمی ئیسلامی لە کوردستان بوو.
شەپۆلی ئێعدامە نیزامیەکان، یان بە واتایەکی تردەستڕێژی تیرباران کردنی خەڵکی بێتاوانی کوردستان لەلایەن پاسدارەکان و مۆرەکانی ڕژیمەوە، دەستی پێ کرد و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵک بە فتوای خومەینی بۆ دامەزراندنی ڕژیمی ئیسلامی، دڕندانە جێبەجێ کراو بەڕێوە چوو.
لەو ڕۆژەدا و لە بەندیخانەی دیزڵاوای (دیزل آباد) کرماشان یەکەمین گرووپ لە تێکۆشەران و خەڵکی بێتاوانی کوردستان تیرباران کران و لە ڕۆژانی دواتردا لە پاوەی و مەریوان و سنە و سەقز و مەھاباد ئێعدامی لەسەرپێ و بە شێوەی سەربازگەیی لە ڕێگای پەیامی فتوای خومەینی و بە بڕیاری یان باشترە بڵێین بە حوکمی خەڵخاڵی بەردەوام درێژەی هەبوو.
ھێشتا چەند مانگ لە سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران تێپەر نەبوو، کە خومەینی فەرمانی سەربازیی (نظامی) بە دژی نەتەوەی کورد لە کوردستان دەرکرد، بەپێی ئەم فەرمانە و لە ڕۆژی ٢٨ی گلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کە بە "فتوای جیھادی خومەینی" ناسراوە، ھێزێکی زۆری ڕژیم بەرەو کوردستان بەڕێ کەوت.
لەو ڕۆژانەدا ڕاپۆرتی زۆر و هەواڵی چڕوپر تەنانەت لە ڕۆژنامەکانی ڕژیم، لەسەر لەسێدارەدان و دادگایییە نادادپەروەرانەکانی سەرپێ و کوشتاری بەربڵاو لە کوردستان بڵاو کرایەوە.
بەستێنی ھێرشی ڕژیمی نوێ بۆ کوردستان چی بوو؟ ھۆکاری ڕووبەرووبوونەوەی خومەینی لەگەڵ نەتەوەی کورد چی بوو؟ ئایا دەتوانین بڵێین ڕووبەرووبوونەوەی خومەینی، ڕووبەڕووبوونەوەیەک بەرانبەر بە نەتەوەیەکی شۆڕشگێڕ بوو؟
٢٨ی گلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی، خاڵی دەستپێکی کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان بوو کە بە فەرمانی خومەینی و بە بڕیاری جیھاد بە وتەی خۆی دژی کۆففار بەڕێ کەوت و بوو بە شەڕێکی گشتگیر بە دژی نەتەوەی بێتاوانی کورد، شەڕێک کە لە شێوازی جۆراوجۆر و لە ڕەھەندەکانی ھەمەچەشنیی تا ھەنووکەش ھەر بەردەوامە.
لە ئەمڕۆدا کە ٤٠ ساڵ لە بڕیاری جیھادی خومەینیی جەلاد بە دژی خەڵکی کوردستان تێپەر دەبێت، شۆرشی مافویستانەی خەڵک لە کوردستاندا بە ڕەوایەکی زیاتر و بە ورەیەکی پۆڵاینتر ھەروا بەردەوام و بێپسانەوەیە و ھەڵسووڕێنەرەکانی دەزگا سەرکوتگەرەکانی ویلایەتی فەقیی بێئابڕووتر و لەپەڕاوێز کەوتووتر لە ھەر کاتێکی تر بە نفرین و بێزاری خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ھەموو خەڵکی ئێران ڕووبەروو بوونەتەوە.
٢٨ی گلاوێژ، ٤٠ـەمین ساڵڕۆژی بڕیاری جیھادی خومەینی دژی کوردستانە، بڕیارێک کە دوای وەی گولەبارانی خەڵک و بەتایبەت لاوان لە شار و گوندەکان و بەڕێوبردنی دەستەی لەسێدارەدان لە کوردستاندا دەستی پێ کرد.
خومەینی کە تاکوو پێش ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، لە وەرگرتنی مافی ھەموو گەلانی ئێران قسەی دەکرد، نەڵام پاش سەرکەوتن و ڕاگرتنی ھەموو ھێزی ڕژیم لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، وادەکانی پێشی خۆی وەلانا و بە داخوازییە ڕەواکانی و مافی نەتەوەکانی ئێران بە زمانی چەک وڵام دایەوە، نموونەی ئەم تاوانانەش دەتوانین ئاماژە بە تورکمەنسەحرا و ئەحواز و ئازەربایجان لە ھەمان ساڵەکانی یەکەم بکەین، بەڵام توندترین تاوانەکانی ڕژیم لە کوردستان ڕووی دا کە ئاکامەکەی کوشتنی کۆمەڵکوژییەکانی هاووڵاتییانی بێتاوان کورد بوو.
بە بڕیاری فەرمانی جیھاد بە دژی نەتوەوی کورد و خەڵکی کوردستان، دەویان ھەزار ھێزی ئەرتەش و سپای تازە درووستکراوی پاسداران، بە دڕندانەترین شێوە هەڵیانکوتایە سەر کوردستان تا بە وتەی خومەینی، شەڕ بە دژی کافران دەست پێ بکەن.
بۆ ھێزە چەکدارەکان بە فتوای خومەینی، جیاوازیەک لە نێوان دژبەرانی چەکدار و مابەقی هاووڵاتییانی بێتاوان نییە و کوشتنیان ھیچ لێپرسینەوە و بەرپرسیاریەتییەکی بۆ ئەوان بەدواوە نییە، تەنانەت کوشتنی ژنان و منداڵان کە لە ناو کوشتنەکانی ئەو ڕۆژانەدا بوون.
لە بڕێک لە گوندەکان کوشتاری بەکۆمەڵ ڕووی دا و لەناو کوژراوەکانیشدا لە ژنان و پیرەپیاوان تا منداڵان و کۆرپەکان دەبیندرا.
سەرەڕای کوشتنی خەڵک لەلایەن ھێزە چەکدارەکان، زۆربەی خەڵکی کوردستان کە زیاتریان لاوانی کورد بوون بەبێ ئەوەی کە دادگاییکردن، تیرباران کران و تەرمی پیرۆزیان ھیچکات ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکرا.
ئێستا کە چل ساڵ لە هاتنەسەرکاری ئەم ڕژیمە تێدەپەڕیت، ھێشتا داواکارییەکانی نەتەوەی کورد بێوڵام ماوەتەوە و فتوای خومەینیش ھەروەکوو پەڵەیەکی ڕەش لەسەر مێژووی ڕژیمی ئێسلامیدا ماوەتەوە.
نەتەوەی کورد بە تێپەڕاندنی ئەم ئەزموونە و ڕەچاوکردنی ستراتیژیەکی دێموکراتیکی نوێ لە قۆناغی ئێستا، ھەوڵ بۆ دێموکراتیزەکردنی حکوومەتی ناوەندیی ئێران و پەیوەندیدانەوەی بە داخوازییەکانی مێژووی خۆی کە بریتییە لە ئازادی و دێموکراسی و خستنەڕووی مۆدیلەکانی نوێی سیاسی، ھەم دەتوانێ بە داخوازییەکانی مێژووی خۆی بگات و ھەم لەگەڵ ھێزەک دێموکراتیکەکان (غەیرەناوەندگرا)ی ئێرانی بۆ خەبات بە دژی فاشیزمی ئایینی یەکدەنگ بن، نەک خەباتێکی یەکلایەنە و بێپەیوەندیدان لەگەڵ نەتەوە و بزوتنەوەکانی دیکە و نەک پاشەکشەکردن لە خەباتی مێژووی خۆی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، کە نە بە قازانجی کوردەکان و نە قازانجی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە، ئەم کاتە قۆناغی داھێنانی سیاسی و پرشنگەکانی نوێ لە دۆخی سیاسی و ھەوڵدان بۆ خستنەڕووی ئالترناتیڤەکانی سیاسی نوێ و دێموکراتیک لەناو بزووتنەوەی کورد زیاتر لە ھەر کاتێکی دیکە لەبەر چاوترە.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.