کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری جەلاد و مانەوە و خۆڕاگریی نەتەوەی کورد

17:06 - 30 گەلاوێژ 2719

کاروان مێراوی

۲۸ی گەلاوێژی ساڵی ۱۳۵۸ی هەتاوی، لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا "خومەینیـ"ـی جەلاد فتوای جیهادی بە دژی کوردستان و نەتەوەی کورد دا و بە کردەوە ئەو بڕیار و فتوایە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو فتوایە بە دڕندانەترین شێوە لە سەرانسەری شار و ناوچە و گوندەکانی کوردستاندا بەڕێوە چوو و جیا لە وێرانکردنی شار و گوندەکان، جیا لەوەی کە لاوانی کورد بە کچ و کوڕ و ژن و پیاوەوە بە کۆمەڵ تیرباران دەکران و لەسێدارە دەدران، تەنانەت لە منداڵی ساوای نێو بێشکە (لانکە) و بەساڵاچووانیش دەستیان نەپاراست و بە ناوی ئیسلام و شەڕ بە دژی کافر، کۆمەڵکوژییەکیان لە کوردستاندا دەست پێکرد کە بە یەکێک لە قێزەونترین ژینوسایدەکانی سەردەمی مرۆڤایەتی دێتە ئەژمار.

پاش تێپەڕینی چل ساڵ لەو بڕیار و فتوایەی خومەینیی جەلاد، هەنووکەش ئەو جیهادە لە کوردستان درێژەی هەیە و ئێستاش ڕۆژانە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە لەسێدرادانی دەیان کەس بە تۆمەتی و بیانووی جۆراوجۆر تەنانەت لە ئاستی کەسانی تەمەن ژێر ۱۸ ساڵیشدا، تیربارانکردنی کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد کە بۆ پارووە نانێک ڕوودەکەنە شاخە هەوراز و نشێوەکانی سنووری نێوان کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات یان کوردستانی باکوور و ڕۆژهەڵات، گرتن و بەندکردنی دەیان کیژ و کوڕی لاو و تەنانەت منداڵ و مێرمنداڵان و پیرەپیاوان و پیرەژنانی کورد، بەتاڵانبردنی ماڵ و سامانی خەڵکی کوردستان، کاولکاری و وێرانکردنی ژینگە و سروشت و دارستان و لەوەڕگە و تەنانەت مەزرا و باغاتی خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان و بەفیڕۆدانی ئەرک و ماندووبوونیان بە بیانووگەلێکی بێبنەما و دوور لە ڕاستی، هەوڵی لەنێوبردنی کولتوور و دابونەریتی نەتەوەی کورد و تواندنەوەی ئەو نەتەوەیە و دەیان و سەدان نموونەی تر، هەر وەکوو سەرەتای ساڵەکانی دەیەی شەست، ئەو فتوای جەلادانە بە دژی نەتەوەی کورد بەردەوامە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی لەنێوبردن و نەهێشتنی نەتەوەیەک بە ناوی کوردیان داوە، بەڵام هۆکارێکی بەهێز بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد هەر زیندووە و ئەمڕۆ لە دوێنێ و سبەی لە ئەمڕۆ خۆڕاگرترە، ئیرادەیەکی پۆڵایین و هەستێکی بەرپرسیارانەی نەتەوەییە کە هەر لە سەرەتای فتواکەشدا نەتەوەی کورد بە هەموو چین و توێژ و بۆچوونە جیاوازەکانەوە سەنگەری جۆراوجۆری بەرگرییان بە دژی ڕژیمی خوێنمژی ئاخووندیی گرت و نەتەنیا کۆڵیان نەدا و تەسلیم و ملکەچی فتواکەی خومەینیی جەلاد و ڕژیمەکەی نەبوون، ڕاستە کورد لەو بڕیار و فتوایە شەهید و قوربانییەکی زۆری لێ کەوتەوە، بەڵام خۆڕاگرانە بەرگرییان لە بوون و مانەوە و داوا ڕەواکانی خۆیان کرد و ئەو دوژمنان و هێرشبەرانی کوردستان بوون کە دۆڕان و تاکوو ئێستاش نەیانتوانیوە چۆک بە کورد دابدەن.

لە درێژەی ئەو فتوایەدا ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەر چەک و باتوم و کەلەبچە و هێرشی ئاگر و ئاسن بەسەر خەڵکی کورددا زاڵ و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە یان بە واتایەکی تر ئەوە چەک و باتوم و کەلەبچە هێرشی ئاگر و ئاسنە کە لە کوردستاندا حاکمە و ئەو بەشەی کوردستان کە لە لایەن ڕێژیمی دڕندەی مەلاکانەوە داگیر کراوە، بەڕێوەی دەبات، بەڵام ئەوەی کە جێگای دڵخۆشییە ئەوە نەتەوەی کوردە کە بە سووربوون لەسەر بڕیاری خەبات تا وەدیهاتنی ئامانج و ئاوات و داواکانی خۆی هەر لە تێکۆشان نەوستاوە بەردەوام شۆڕش دەکات و قوناغە ئەستەم و دژوارە یەک لە دوای یەکەکانی بڕیوە و ئێستا پاش چل ساڵ لەو بڕیارەی "خومەینیـ"ـی جەلاد لە نوێترین قوناغی خەباتی خۆیدایە و لەژێر ناوی "ڕاسانـ"ـدا بە گرێدانی خەباتێکی چەند ڕەهەندی لە شار و شاخ و لاوانی کورد پۆل پۆل لە هەموو ڕەهەندەکانی بە دژی جەلاددا دەچنەوە و ئەو بڕیارە نامرۆڤانە و دڕندانەیەش  بە چۆکدا دێنن.

ئەوەی کە جێگای سەرەنج بوو ئەوە بوو کە بڕیارەکەی خومەینی یان فتوای جیهاد بە دژی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات یان کوردستانی داگیرکراو لە لایەن ئێرانەوە درا، بەڵام لە هەنووکەدا کە دوور لە چاوەڕوانی نەبوو و نییە ئەو بڕیارە ئێستاش لە لایەن ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئێراندا لە پارچەکانی تری کوردستان و بە شێوەیەکی سەردەمیانە و تاکتیک و بە هاوکاریی داگیرکەرانی پارچەکانی تر، بەتایبەتی کوردستانی باشوور کە زۆرتر و ئاشکراتر بەڕێوە دەچێت، جێبەجێ دەکرێت و هەر وەکوو ئاماژەی پێ دراوە، بە شێوەی سەردەمیانە و زۆرتر لە ڕێگای شەڕی نەرم و ڕێگا نەرمەکانی تر وەکوو سازکردنی دووبەرەکی و شەڕی نێوخۆیی، کردەوەی تیرۆریستی، پەرەپێدانی ماددەی هۆشبەر و گەندەڵیی کۆمەڵایەتی (فساد اجتماعی) و هتد، لە کوردستانی ڕۆژاوایش له ڕێگای میلیشیا و چەتە تیرۆریستییە چەکدارەکانی خۆی و ڕێژیمی بەشار ئەسەدەوە ئەو جیهادە بەڕێوە دەبات.

بەڵام پێویستە جارێکی تر ئاماژەی پێ بکرێتەوە کە ئەوە ئیرادە و هەستی بەرپرسیارەتیی نەتەوەییە کە تاکوو ئێستا نەتەوەی کورد لە بەرانبەر ئەو بڕیارەدا، بەتایبەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەژێرچەپۆکە و دەسەڵاتی سەرەڕۆی خۆیدایە، بە چۆکدا نەهاتووە و تەسلیمی ئاگر و ئاسنبارانەکانی ئەو ڕژیمە خوێنمژ و دڕندەیە نەبووە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.