کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری دادگای میکۆنووس لە میدیاکانی "ئاڵمان و ئۆتریشـ"ـدا باسی لێ کراوە

11:11 - 22 خاکەلێوه 2722

پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران "تێرۆریزمی دەوڵەتیی" ڕێژیمی ئێرانیان کردەوە بە بابەتی سەرەکی بەشێک لە میدیاکانی ئاڵمان و ئۆتریش.

بەبۆنەی ٢٥ ساڵەی دەرچوونی حوکمی دادگای میکۆنووس، پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئاڵمان توانیان گرینگیی دەرچوونی حوکمی دادگای "برلین" و ناساندنی کاربەدەستانی باڵای ڕێژیمی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە "عەلی خامنەیی" وەک یەکێک لە فەرماندەرانی تێرۆری ڕێبەرانی کورد لە ئورووپا بکەنە بە ڕۆژەڤی بەشیک لە میدیا ئاڵمانی زمانەکان.
لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ ئاوریلی ساڵی ٢٠٢٢ بەشێک لە میدیاکانی ئاڵمان جارێکی تر پڕژانە سەر تێرۆری ڕێبەرانی کورد لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و ئاماژەیان بە تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی کردەوە و ئەو بابەتەیان کردەوە بە ڕۆژەڤ و سەردێڕی ماڵپەڕەکانیان.
لەم چوارچێوەیەدا، تۆڕی میدیایی "دۆیچلەند فونک" کە دەزگایەکی میدیایی فەرمیی حکومەتی "ئاڵمانـ"ـه، لە ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلدا کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئاڵمانی "ئاندریاس باوم" ئامادە کرابوو، پڕژایە سەر ساڵوەگەڕی دەرچوونی حۆکمی دادگای برلین لە ١٠ی ئاوریلی ساڵی ١٩٩٧ ی زایینی، ناسراو بە  پرۆسەی میکۆنووس.
باوم لە بەشیکی ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بە کارەساتی ڕیستۆرانی میکۆنووس و تێرۆرکردنی ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە هەر لە یەکەم چرکەساتەکاندا بەرپرسانی ئاڵمانی گۆمانیان بۆ لای تێرۆریزمی دەوڵەتی چوو.


"باوم" بە ئاماژەدان بە تێرۆری دوکتور "سادق شەرەفکەندی" وەک سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، "فەتاح عەبدولی" و "هۆمایوون ئەردەڵان" لە ایەن دەزگا ئەمنی و نهێنییەکانی ڕێژیمی تاران، ئاماژە بەوە دەکات ئەو کەسانە میوانی حیزبی سوسیال دێموکراتەکانی ئاڵمان بوون.
لەو ڕاپۆرتە تێروتەسەلەی میدیای فەرمیی حکوومەتی ئاڵمان سەرەڕای ئاماژەدان بە کوشتاری دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان و لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، "باوم" باس لەوە دەکات کە لەبەر بەرژەوەندییە ئابووریی و بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران کەمتر وڵاتێک ئەو کات ئامادە بوو دژی بکەرانی ئەو کردەوانە هەڵوێستی هەبێت.

 لە بەشێکی تری ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "دۆیچلەند فونک" باس لە پرۆسەی دادگای میکۆنووس دەکات  و دەڵیت: " پرۆسەی دادگای میکۆنووس بە دەرچوونی حوکمێک لە ١٠ ئاوریلی ١٩٩٧ کۆتایی پێهات. دادگا ئەوەی ڕوون کردبووەوە کە بکوژان تەنیا ئەوانە نەبوون کە لەسەر کورسیی دادگا، دادگایی دەکران، بەڵکوو لە نێوەڕۆکی حۆکمی دادگاکە "عەلی فەلاحیان" سەرۆکی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران وەک نووسەری ئەو کردەوانە لەقەڵەم درا.

هەروەها ٢٥ ساڵەی دەرچوونی حۆکمی دادگای میکۆنووس و ناساندنی ڕێژیمی ئێران وەک دەوڵەتێکی تێرۆریستی لە دووتۆی ڕاپۆرتێکی دوورودرێژی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست "مینا-واچ" بوویەوە بە ڕۆژەڤ و بە وردی باسی لەسەر کرا.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی یێنا-واچ کە "تینک-تانکـ"ـێکی سەربەخۆ لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و ناوەندەکەی لە ڤییەن پێتەختی وڵاتی "ئۆتریشـ"ـە لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی خۆی کە لەلایەن پرۆفیسۆر دوکتور "فلۆریان مارکل"، مامۆستای پێشووی زانستە سیاسیاسییەکانی زانکۆی ڤییەن ئامادە کرابوو، بە وردی باسی ڕەهەندەکانی حۆکمی دادگای "میکۆنووسـ"ـی کردووە.

"مارکل" سەرەڕای ئاماژەدان بە چۆنییەتی تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە وڵاتی ئاڵمان جارێکی تر دەپرژێتە سەر تێرۆری سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات، دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو کاتی حیزب، "عەبدوڵڵا قادری ئازەر" لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بێ هەڵویستیی کاربەدەستانی وڵاتی ئۆتریش وەک هۆکارێک دەبێنێت کە بووە هۆی ئەوەی ئێران بتوانێت جارێکی تر جێگرەکەی دوکتور قاسملوو واتە دوکتور شەرەفکەندی ئەمجارە لە وڵاتی ئاڵمان تێرۆر بکات.

پرۆفیسۆر مارکل لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی باس لە گرینگیی دەرچوونی حۆکمی دادگای برلین دژ بە کاربەدەستانی ئەوکاتی ڕێژیمی ئێران دەکات و بە ئاماژەدان بە ناوی "عەلی خامنەئی و عەلی ئەکبەر ولایەتی" کە لەلایەن دادگاوە بۆ ئەو تێرۆرانە بە بەرپرسیار ناسێندراون، پێ وایە کە ئەمە توانیویەتی تا ڕادەیەک کۆتایی بە کۆشتاری زیاتری دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بهێنێت.

ئەو ڕووداوە  لە ناو ڕۆژژمێری پێنج ڕۆژنامەی ئاڵمانی Süddeutsche ،   Kölner Stadt-Anzeiger ،

 Ludwigsburger Kreiszeitung ، Zeitungsverlag Waiblingen وە Passauer Neue Presse هەروە ڕۆژنامەی ئۆتریشی Salzburger Nachrichten   وەک ڕووداوێکی گرینگی مێژوی ئاڵمان ئاماژەی پێکراوە.