کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری چارەنوسساز!

12:40 - 30 خەزەڵوەر 2720

شەماڵ تەرغیبی

پرسی کشاندنەوەی هێزەکانی ئامریکا لە ئەفغانستان،عێراق و سوریە و بڵاوبوونەوەی هەواڵە پیوەندیدارەکانی لەلایەکەوە پێخۆشبوونی هەندێ تاقمی تێرۆریستی و توندڕەوی داڵدەدراوی کۆماری ئیسلامی بەدواوەیە و هەمیش نیگەرانی ئەو گرووپانەی کە لە نەبوونی ئامریکادا وێنای داهاتوویەکی تەماوییان بۆ خۆیان کردووە بەڵام بەهەموو ئەمانەشەوە ئەم پرسە پەیامێکی گرنگی بۆ ناوچەکە و بە تایبەت ئێران پێیە. بڕیارێکی وەها لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بە چەندین تریلیۆن دۆلاری لەو چەند وڵاتەدا سەرف کردووە و هەزاران سەربازیشی کوژراو و کەمئەندام بوون. دیارە لەو سێ وڵاتەدا نە دەسەڵاتێکی سیاسی وەها بەهێز لە سەر کارە کە بتوانێ کونتڕۆڵی بارودۆخەکە بکا نە کۆتلە و میلیشیاکانی سەر بە ئێران کۆتاییان دێت؛ هەر ئەمەش دەتوانێ بەهێزترین هۆکار بێ بۆ نیگەرانی ئەو لایەنانەی کە دڵگرانن بە کشانەوەی هێزە ئامریکاییەکان.

 ئێران جگە لە پەرەدان بە تیرۆریزم و میلیشیاگەری هەم لە ئاستی ناوچەیی و هەم لە ئاستی نێونەتەوەیی  لە هەوڵی پەرەپێدان بە چەکی کۆمەڵکوژ بە تایبەت چەکی ناوکیدایە و لەو دواییانەشدا سەرانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە پیتاندنی ئۆرانیۆمیان گەیاندووەتە ئاستێکی باڵا. بە گشتی دۆخی ناوچەکە لە تەشقی ئاڵۆزی خۆیدایە و بێگومان ئەو دۆخە لە تاقەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی ، ئیسراییل و عەرەبدا نەماوە.

بەدوور نازانرێ کە ئەمریکا و ئیسراییل و هاوپەیمانە عەرەبەکانیان بە زووترین کات هەڵوێست و پەرچەکرداریان سەبارەت بە ئێران هەبێ و وێدەچێ ئەو هەڵوێستە زیاتر لە گەمارۆکان بێ و پێ بنێته قۆناخێکی دیکەوە. هەڵوێستی توندی ترامپ لە دواساتەکانی تەمەنی دەسەڵاتەکەی  واتە لەو دو مانگەی دواییدا سەبارەت بە کۆماریخوازان و داهاتووی کۆماری ئیسلامی چارەنووسساز دەبێ. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە تەقاندنەوەی بنکە ئەتومییەکان وەک ناوەندگەلی کلیدی ئامانجی سەرەکی ئەمریکا و ئیسرایل دەبێ و هەروەها تەنیا بژاردەیە کە بۆ دەوڵەتانی دژ بە ئێران ماوەتەوە.

کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکانیش سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی بوار بۆ ڕووخانی رێژیم خۆش دەکات بەڵام نابێتە هۆی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، هەر بۆیە بۆ بەرگری لە درووستبوونی  "کۆریایەکی باکور"ی دیکە  لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە قەوارەیەکی وەک ئێرانەوە، پێویستە هەنگاوی ڕادیکاڵتر هەڵبگیرێت. لە ڕاستیدا هەموو بژاردەکان سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی بێ ئەنجام بووە و واوێدەچێ کە شەڕێکی کورتماوە و سنووردار (بۆنموونە وێرانکردنی بنکە ئەتۆمییەکان ) بە مەبەستی هێنانە سەر هێڵی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ ملکەچکردنی بۆ خواست و داواکارییە جیهانییەکان بێتە ئاراوە کە لە ئەگەرێکی لەو چەشنە شێوەی وڵامدانەوەی ئێران داهاتوو دیاری دەکات.

ئەم تێڕوانینەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە ئاژانسی وزەی ناوکی ڕایگەیاندووە کە تاران سەرقاڵی دانی سووتەمەنی بە سانتریفیوژە مۆدێڕنەکانی لە سایتی نەتەنزە کە ئەم مەسەلە دژکردەوە و کاردانەوەی توندی هەر کام لە ئامریکا، فەڕانسە، بریتانیا و ئاڵمانی بەدواوە بوو.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.