کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری "ڕووحانی" بۆ درێژەدان بە ئیش و کار، ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی لێکەوتەوە

13:41 - 19 خاکەلێوه 2720

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە دۆخی کۆرۆنا لێدوانی ناتەبا دەدەن و بەرانبەر بە بڕیارەکانی یەکتر ناڕەزایەتی دەردەبڕن و فەرمانەکانی ڕێژیم دەبەنە ژێر پرسیارەوە.

"حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی خاکەلێوە، پاش کۆتایی پێهاتنی کۆبوونەوەی ستادی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕایگەیاند: "٢ لەسەر ٣ی ئیش و کارەکان لە ٢٣ی خاکەلێوەوە دووبارە چالاکیی خۆیان دەست پێ دەکەنەوە".

ناوبراو هەروەها وتبووی: "دۆخی هەندێک لە پارێزگاکان سپییە و بەو حاڵەشەوە شوێنە ئایینییەکان تا کۆتایی خاکەلێوە هەروا داخراو دەمێننەوە".

"کیانووش جەهانپوور"، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوە بەرانبەر بە قسەکانی "حەسەن ڕووحانی"، جەختی کردووەتەوە کە هیچ پارێزگایەک لە دۆخی سپیدا نییە و ڕەچاونەکردنی خۆپاراستن دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کارەسات پاش ٢٣ی خاکەلێوە.

هەروەها "سەعید نەمەکی"، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم، بە نووسینی نامەیەک بۆ "ڕووحانی"، بەنیسبەت کرانەوەی پیشە و کارەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی هۆشداریی بە ناوبراو دابوو.

گوشاری ئابووری و بێکیفایەتیی ڕێژیم لە بەرەوڕووبونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا، بووەتە هۆکار تا سەرکۆماری ئەو ڕێژیمە هەوڵ بدات بۆ هاندانی خەڵک بۆ ژیان کردن لە حاڵەتی ئاسایی ڕۆژانەدا و ئەمە هەڕەشەیەکە لەسەر گیان و تەندروستیی خەڵکی ئەو وڵاتە.