کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیاری کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و لێکەوتەکانی

18:14 - 19 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: پاش ڕاگەیاندنی کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، لە لایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە، شەپۆلێکی بەرین سەرتاسەری جیهانی گرتەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕ، لە پەیامێکی تویتێریدا کاتی دوابڕیاری خۆی لەسەر ڕێککەوتننامەی بەرجامی لە ساعەت ١٠:٣٠ شەوی سێشەممە دیاری کرد و لە کاتی دیاریکراوەدا لە پێش کامێراکان بڕیاری مێژوویی خۆی واژۆ کرد و ڕایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەو ساتەوە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشاوەتەوە.

چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان جان کێری و جەواد زەریف و لابیگەرییەکانی کێری، وەزیری دەرەوەی سەردەمی ئۆباما بۆ ڕازی کردنی نوێنەران و سێناتۆرەکانی ئامریکا بە نیسبەت مانەوە لە بەرجام هۆکاری سەرەکی بووە، کە ترامپ چەند ڕۆژ پێشتر لە وادەی دیاریکراو بڕیاری خۆی ڕاگەیاند.

ناوبراو لە ئاخاوتنەکەیدا وتی: "ڕێککەوتنامەی ناوکی کە بە بەرجام ناسراوە نەیتوانی پێش بە زێدەخوازییەکانی ئێران بگرێت، ئێران بووەتە پاڵپشتی سەرەکیی تیرۆریزم لە جیهان و بەپێچەوانە بووەتە مایەی نەهامەتی بۆ خەڵکی بەڕێزی ئێران"، هەروەها ڕایگەیاند: "لەم کاتەدا ئامریکا لەو ڕێککەوتننامە داڕزا و ناکارامەیە دەچێتە دەر و منیش بڕیاری دووبارە وەگەڕ خستنەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران واژۆ دەکەمەوە".

ترامپ ڕوو لە خەڵکی ئێران ڕایگەیاند: "بێگومان خەڵکی ئێران شایانی حکوومەتێکن کە ڕێز بۆ ویست و ئارەزووەکانیان دابنێت، ئەگەرچی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەتا ئێستا دووپاتیان کردووەتەوە کە ئامادەی وتووێژێکی دیکە نابن، بەڵام ئەوە بەم شێوە نییە و بە دڵنیاییەوە ئەوان بە دوای ڕێککەوتنێکی دیکەدا دەکەون و ئەو کاتەی کە ئەوان حازر بوون ئێمەش لەگەڵیان دانیشتن دەکەین، بۆ ڕێککەوتنێک کە بە سوودی هەموو جیهان بێت".

بنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە یەکەم کاردانەوەی پاش قسەکانی ترامپ، ئەو بڕیارەی ترامپی بە ئازایانە و دروست ناو برد و ڕۆحانیش لە هەڵویستگرتنێکی بەپەلە کە لە کاتی قسەکانیدا بەتەواوەتی شڵەژاویی بە سەریدا زاڵ بوو، لە دەربڕینێکی گاڵتەئامێزدا باسی لە مانەوەی وڵاتەکەی سەرباری نەبوونی ئامریکا کرد!

هەروەها لە کاردانەوەیەکی گەمەجاڕانەدا، نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم ئاگریان لە ئاڵای ئامریکا بەردا، ئەمەش لە حاڵێکدا بوو کە دەوڵەت لەسەر مانەوەی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام پێداگر بوو.

بەپێی هەندێک ڕاپۆرتی مەیدانیش لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەواڵی كشانەوەی ئامریکا لە بەرجام نرخی دۆلار و ئەرزەکانی دیکە وێڕای نرخی سکە و زێڕ کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان کردبوو بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیادیان کرد و بازاڕەکانی ئێرانیان تووشی دۆخێکی نائاسایی کردەوە، کە بەشێک لە کارناسانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕەی تا ماوەیەکی دیکە و لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم ڕەوتە پارەی ئێران هاوشێوەی بەرگی بەرجام مەرگ تاقی دەکاتەوە.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە بە کشانەوەی ئامریکا، ئاست و ڕێژەی ئابڵۆقەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی چەند قات زیاتر دەبێتەوە و وێڕای گەڕانەوەی گەمارۆوەکانی پێشوو کە بە هۆی بەرجامەوە سڕ کرابوون، کۆمەڵێک گەمارۆی دیکەش دێنە گۆڕێ و بەسەر ئێراندا دەیسەپێنن؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە و هەروەها دۆخی شپڕێویی هەنووکەیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێرانیش بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ڕێژیم لە چ هەلومەرجێکی هەستیاردایە.