کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕیارەکانی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران بەردەوام پەسند دەکرێت

18:44 - 7 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ پێشگرتن لە سیاسەتە تێکدەرانە و زێدەخوازییەکانی ئەو ڕێژیمه سەخترین هەڵویستەکانی گرتووەتە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزارەتی خەزێنەداری ئامریکا، دەوڵەتی هیندوستان و مایک پۆمپێئۆ، دژی ڕێژیمی ئێران سێ بڕیاریان دەرکردووە هەتا پێش بە سیاسەتە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهاندا بگرن.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا  لە بڕیارێکی نوێدا سەرجەم  ئەو مۆڵەتانەی کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دوای بەرجام بە شیرکەکانی دابوو هەڵوەشاندووەتەوە؛ کە بەپێی ئەو بڕیارە لەمەوبەدوا کەرەستەی فڕۆکەی مسافیربەریش بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشرێت.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا هەروەها بڕیاری داوە مۆڵەتی فەڕش و مەوادی غەزایی کە لە ئێرانەوە بۆ ئامریکا هەناردە دەکرێت، پێداچوونەوەی پێدا بکرێت.

هەروەها "مایک پۆمپێئۆ" سەرەڕای ئەوەی که ١٢ مەرجی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دیاری کردووە، جەختی کردووەتەوە کە ئەو ڕێژیمە لەگەڵ سەخترین گەمارۆ ئابوورییەکان لە مێژوودا بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئەو بەرپرسەی ئامریکا ڕاشگەیاندووە کە هەتا ئەو کاتەی گۆڕانێکی بەرچاو لە سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێراندا بەدی نەکرێت، گەمارۆ ئابوورییەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی نەوتی هیندوستان داوای له پاڵاوگە و بەرهەمهێنەرانی نەوتیی خۆی کردووە کە لە مانگی خەزەڵوەری داهاتوودا بۆ کەمکردنەوەی کڕینی نەوت و تەنانەت نەکڕینی نەوت لە ڕێژیمی ئێران ئامادە بن.

ئەو بڕیارەی دێهلی لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە خۆی دووهەمین کڕیاری نەوتی ئێرانە.

"نیکی هێلی" نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەفەری خۆیدا بۆ هیندوستان لە چاوپێکەوین لەگەڵ "نارندرا مودی" سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دوای لە ناوبرا کرد کە وڵاتەکەی نەوت لە ئیران نەکڕێت.

ئامریکا لە هەوڵ دایە لە مانگی خەزەڵوەری داهاتوودا کڕیارانی نەوتی ئێران لە کڕینی نەوت لە ئێران پاشگەز بکاتەوە.