کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕین و قاچاخی دار لە کوردستان بەردەوامە

15:53 - 16 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: بڕین و قاچاخی دارەکانی دارستانەکانی کوردستان لە لایەن مافیاکانی ژینگەوە بەردەوامە و خەڵک و ژینگەپارێزان ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەو دۆخە دەربڕیوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاتوچۆی کامیۆنگەلی هەڵگری دارە بڕدراوەکانی دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە و لەو پێناوەدا ڕێژیم هیچ هەوڵێک نادات و بگرە ڕێگەخۆشکەرە بۆ کارەساتگەلێکی لەو چەشنەش.

ئەم کردارە دژە ژینگەییە کە بە دەستی مافیاکانی ژینگە و بە مەبەستی تێکدانی ژینگە و لەنێوبردنی سروشتی کوردستان ئەنجام دەدرێت نەک کۆتایی پێ نەهاتووە بەڵکوو لە شارەکانی کوردستاندا خەریکی پەرەسەندنە.

لە کۆمەڵێک وێنەدا کە بڵاو بوونەتەوە کامیۆنگەلێک لە ڕێگای نێوان مەهاباد-میاندواودا بەدی دەکرێت کە، هەڵگری باری دارە بڕدراوەکانی ئەو ناوچەیەیە و بۆ دەرەوەی کوردستان دەبرێت.

بڕینی داری دارستانەکان دەبێتە هۆی لە نێوچوونی لێڕەوارەکان و لە ئاکامدا  سوانەوەی خاکی ئەو ناوچانەی کە لێڕەوارەکانی لەنێوچووە.

بڕین و قاچاخ کردن و سووتاندن و لەنێوبردنی دارەکانی کوردستان هەوڵێکی سیستماتیک و بەردەوامی مۆرەکانی ڕێژیمە لە کوردستاندا کە بۆ پیادەکردنی سیاسەتی ئێکۆتێرۆریزم ئەنجام دەدرێت.