کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی دار لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە شاری ساحێب زیانێکی زۆری بە ژینگە گەیاندووە

18:18 - 14 خاکەلێوه 2721

لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر ژینگەی کوردستان، ئەمجارە لە گوندی ''عەلی ئاباد'' سەر بە شاری ''ساحێب''، کەسانی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر دارستانەکانی ئەو گوندە و زیانێکی زۆریان بە ژینگە گەیاندووە.

ژمارەیەکی کەم داربناوەکانی گوندی ''عەلی ئاباد'' کە دیمەنێکی جوانیان بە سروشتی ئەو ناوچەیە بەخشیبوو، دوای بڕینەوەیان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە، دیمەنێکی دڵهەژێن و قەرەبوونەکراوی بە دوای خۆیدا بەجێ هێشتووە.

ماوەی چەندین ساڵە، ژینگە و سروشتی کوردستان بە هەموو شێوازێک کەوتووەتە بەر پەلاماری دوژمنانی ژینگە و نیشتمان کە جگە لە خەڵکی دڵسۆز و چالاکانی ژینگەیی نەبێت هیچ لایەنێکی پێوەندیداری ڕێژیم گرینگی بەو کارەساتە ژینگەییانە نادەن.

سووتاندنی دارستانەکان، بڕینی دار و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی شارەکانی ئێران، بڕینی دار بۆ خەڵووز، لەنێوبردنی دارستان بۆ دروستکردنی باخ و...، لەو چالاکییەن کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە کوردستاندا پەرەی سەندووە کە ژینگەی کوردستانی بەرەو وێرانی دەبات.