کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی دار و شێواندنی زەوی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەردەوامە

12:26 - 17 خاکەلێوه 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە کەنارەکانی ڕووباری گادەر کۆمەڵە دارێکی زۆر بڕدراونەتەوە و زەوییەکانی ناوچەکە تێک دراون.

بەپێی زانیارییەکان هەوڵی ئەوە هەیە کە دارەکانی دەوروبەری ئەو ڕووبارە ببڕدرێنەوە و زەوییەکانی ئەو ناوچەیە بکرێنە مڵکی کەسی.

خەڵکی ناوچەکە چەندین جار لەسەر ئەو بابەتە لایەنە پەیوەندیدارەکانیانی ڕێژیمیان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام تا ئێستا کارێکی ئەوتۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە لە کوێستانەکانی شارستانی "بەدرە" سەر بە پارێزگای "ئیلام" کۆمەڵێک داری بەڕوو و جۆرەکانی دیکەی دار لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بڕدراونەتەوە.

بڕینەوەی ئەو دارانە بەئەنقەست یان بە مەبەستی بەکارهێنان و فرۆشتن، بووەتە هۆی تێکدان و تێکچوونی ژینگەی ناوچەکە.

هەروەها لە گوندی "جوانمیری" و "میانتەنگ" لە ناوچەی "داڵاهۆ" سەر بە پارێزگای "کرماشان" لە هەڵمەتێکی دژەژینگەییدا کۆمەڵە دارێکی زۆر بڕدراونەتەوە.

بکەرانی ئەو کارە قێزەونە کەسانی نەناسراو بوونە و بڕینەوەی دار لەو ناوچەیە ڕووتبوونەوەی زەوی و تێکچوون و ناشیرینیی ژینگەی ناوچەکەی لێ کەوتووەتەوە.