کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بکوژی دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بە تاوانی کوشتنی کەسێکی دیکە لە زیندانی سەقز ئیعدام کرا

16:33 - 6 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: نەوید فەتحی بکوژی دوو کادری تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەناوەکانی شەهید ساڵح شەریفی و شەهید عەتا رەزاپوور\'\' بە تاوانی قەتڵی کەسێکی دیکە لەلایەن رێژیمەوە لە سێدارە درا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، نەوید فەتحی یەکێک لە دەست‌وپێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، سەرلە بەیانیی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٥ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن خودی رێژیمەوە بە تاوانی ئەنجامدانی قەتڵی کەسێکی دیکە لە سێدارە درا.

ئەو دەست‌وپێوەندییەی رێژیم ساڵەکانی ٧٢ و ٧٣ بە پیلانێکی رێژیم مەئمووریەتی پێ سپێردرابوو وەک عامڵی نفووزی ببێتە ئەندامی حیزب و لەو رێگەوە پیلانەکانی رێژیم لە ریزەکانی حیزبدا جێبەجی بکات.

9252.jpg
شەهید ساڵح شەریفی و شەهید عەتا رەزاپوور

ناوبراو سەرەنجام ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەناوەکانی \'\'شەهید ساڵح شەریفی ناسراو بە ساڵح سەقزی\'\' و \'\'عەتا رەزاپوور ناسراو بە عەتا کێلەشینی\'\' پێشمەرگەی مەڵبەندی ٢ی کوردستان دەرمانداو کرد و لە ئەنجامدا پاش چەند رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ، شەهید بوون.

نوید فەتحی ماوەیەک بوو لەلایەن رێژیمەوە بە تاوانی کوشتنی کەسێکی بێ تاوان زیندانی کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی سەقزەوە بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئیعدامی نەوید فەتحی تەنیا سناریۆیەک بوو، چونکە ناوبراو هەر لەو ماوەیە کەلە زینداندا بوو، لەسەر زیندانییە سیاسییەکان سیخوڕیی بۆ رێژیم کردووە.

ئەو سەرچاوە وتیشی: سەرئەنجام هەموو ئەو کەسانەی کە دەبنە مۆرەی دەستی رێژیم و پاشان وەک مۆرەیەکی سووتاویان لێ دێت، لەلایەن خودی رێژیمەوە لەناو دەبرێن.