کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بکوژەکانی ڕێژیم پۆستی دادوەریان پێ دەبەخشرێت

12:19 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە پۆستە گرینگەکاندا تەنیا جێگۆرکێیان پێ دەکرێت و هەر کاربەدەستێک دوای چەند ساڵێک لە پۆستی خۆیدا، پۆستێکی دیکەی پێ دەدرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بڕیار وایە "ئیبراهیم ڕەیسی" پۆستی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران وەربگرێت و لە کاتێکدا ناوبراو وەک یەکێک لە پێشێلکارانی مافی مرۆڤ ناسێندراوە.

مۆحسێنیی ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەواڵنێران باسی لەوە کردووە، خولی نوێی دەزگای قەزایی بە سەرۆکایەتی ڕەیسی بەڕێوە دەچێت.

هەتا ئێستا ئەو حوکمە لە لایەن خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمە ڕانەگەیندراوە.

"ئیبراهیم ڕەیسی''، یەکێک لەو کاربەدەستانەی ڕێژیمی ئێران بووە، کە لە هەیئەتەکانی مەرگدا دەستی هەبووە.

مونتەزیری لە یەکێک لە فایلە دەنگییەکانیدا کە لە بارەی ئێعدامەکانی ساڵی ٦٧ بڵاوی کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە، کە ئیبراهیم ڕەیسی یەکێک لە جەنایەتکارەکان بووه.

لە ئێعدامەکانی سالی ٦٧دا لە ماوەی چەند مانگدا ٢٨٠٠ هەتا ٣٨٠٠ کەس ئێعدام کران.

بەشی هەرەزۆری ئەو كەسانەی كە لەو ساڵەدا ئیعدام كران و ژمارەیان لە ٥ هەزار كەس تێدەپەڕێت، بە تۆمەتی شەڕ لەگەڵ خودا و دژایەتیكردنی شۆڕش (ڕێژیم) گیانیان لێ ئەستێندرا.

ناوبراو دوای ساڵی ٦٧ لە پۆستە باڵاکانی دەزگای قەزاییدا چالاکی هەبووە و ئێستاش بڕیارە ببێتە سەرۆکی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران.

 چەند ڕۆژێك پاش بڵاوبوونەوەی فایلی دەنگیی لێدوانەكانی ئایەتوڵڵا مونتەزیری، سەبارەت بە ئیعدامە سیاسییەكانی ساڵی ٦٧، عەلی خومەینی كوڕی ئەحمەد خومەینی، یەكێك لە تۆمەتبارە سەرەكییەكانی ئیعدامەكانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی، لە وتووێژێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "جمهوری اسلامی" ڕایگەیاند: ڕووداوی ساڵی ٦٧ بەرهەمی مودیرییەتی ئیمام بووە.