کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوکردنەوەی برووشووری تایبەت به ٢٥ی نوامبر لە لایەن دامەزراوەی زاگرۆسەوە

11:08 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی ژنانی دامەزراوەی زاگرۆس لە شاری سنە، به بۆنەی ٢٥ی نوامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ توندوتیژی دژ به ژنان، چالاکییان کرد و لە چەند شوێنی شاخی ئاویەری ئەم شارەدا، برووشووریان بڵاو کردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی ئەم دامەزراوەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تایبەت بە خۆی، کۆمیتەی ژنانی دامەزراوەی زاگرۆس، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا، ڕۆژی هەینی ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی برووشووری تایبەت بە ٢٥ی نوامبر، لە پارکی "کوودەک" (منداڵ) هەتا گوێزە کوێر، لەو پێوەندییەدا چالاکی کردووە.

ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە لەو شوێنانەدا، جگە لە بڵاوکردنەوەی ئەو برووشوورانە کە سەرەڕای ئاماژە بە ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە، دیاریکردنی ئەرکی ژنان و چالاکانی مافی ژنانیان لەم بارەوە تێدا گونجاندووە و بە قسەکردن لەگەڵ خەڵک، لەم بارەوە هەوڵی ڕوونکردنەوەی خەڵکیشیان داوە.

ئەندامانی کۆمیتەی ژنانی دامەزراوەی زاگرۆس، لە ڕاپۆرتی خۆیاندا، ئامانجی ئەم هەڵمەتەیان بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە جیهانییە و گرینگیدان بە خەبات دژ بەم نەریتە نەشیاو و کۆنەپەرەستانەیە زانیوە، کە یەخەی ژنانی وڵاتی گرتووەتەوە. 

دامەزراوەی زاگرۆس بەم کارە، ژنان و پیاوانی ئەرکدار کردەوە کە دەبێ هەموویان شانبەشانی یەکتر، دژ بەم دیاردە قێزەوەنە بوەستنەوە و بۆ لەنێوبردنی هەوڵ بدەن.